پاڵاوگەیەكی نەوت هاوشێوەی پاڵاوگەی خەبات و بازیان لە سنوری پارێزگای دهۆك دروستدەكرێت
لەگەڵ باشتر بوونی دۆخی دارای هەرێمی كوردستان لە ئێستا جگە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری حكومەت لە هەوڵی وەگەڕخستنی چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی و دوور مەودا دەدات بۆ ئەم مەبەستە بەفەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پاڵاوگەیەك هاوشێوەی خەبات و بازیان لەسنووری پارێزگای دهۆك دروست دەكرێت و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ وزە دەڵێت، “دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە چەندین سوودی بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت”.
دكتۆر بێوار خنسی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە: “لە ساڵی 2014ـوە فەرمانی دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە دەرچووە، بەڵام بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە كارەكەی دواكەوت”.
راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتی: “هەوڵ دەدرێت پیشەسازی لە نەوتدا بكرێت، لەبەر ئەوەی داهاتێكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكیش دەبێت، ئەگەر ئێستا بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار بفرۆشین، بەڵام لەدوای پاڵاوتنی داهاتەكەی دەبێتە دوو بەرامبەر”.
خنسی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: “هەبوونی پڵاوگە هەلی كار دەڕەخسێنێت بۆ هاووڵاتیان و بەرهەمی ناوخۆ لە بەنزین پڕ دەكرێتەوە، هەروەها كێشەكانی وزە و گاز و نەوتی سپی و بەنزین و كارەباش بەوهۆیەوە چارەسەر دەكرێت. پێموایە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پاڵاوگەی پێشكەوتوو هەیە، لەبەر ئەوەی رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەوەش بەئاسانی بەدەست هەرێمی كوردستان ناكەوێت”.
لەبارەی شوێنی دروستكردنی پاڵاوگەكەوە، دكتۆر بێوار خنسی دەڵێت: “قەزای شێخان باشترین شوێنە بۆ دانانی پاڵاوگەیەكی نەوت، چونكە دەوروبەری شێخان هەمووی كێلگەی نەوتە و ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بەسامانی نەوت و سوودی زۆری دەبێت”.