عەلی خامنەیی: وەڵامی پەیامەكەی ترامپ نادەینەوە و دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ناكەن.
لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شینزۆ ئابێی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، كە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار و كۆبوونەوەی فەرمی سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كردووە، خامنەیی باسی لەو پەیامە كرد كە ترامپ ناردوویەتی و لە بەرامبەر وتەیەكی ئابێی-دا كە رایگەیاند “دەمەوێت پەیامی سەرۆكی ئەمریكاتان پێبگەیەنم”. خامنەیی رایگەیاند “دوودڵ نین لەبارەی جددییەت و نیاز باشیتان، بەڵام ئاڵوگۆڕی پەیامی شەخسی بەڕێز ترامپ بە گونجاو نازانم. هیچ وەڵامێكم بۆ ترامپ نییە و نابێت”.
لە وەڵامی لێدوانێكی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن كە رایگەیاند “ئەمریكا لە هەوڵی گۆڕینی رژێمدا نییە لە ئێران”. خامنەیی وتی: “بابەتەكەمان لەگەڵ ئەمریكا گۆڕینی رژێم نییە، چونكە ئەگەر ئەوان نیازێكی لەو شێوەیەیان هەبێت ئەوا هێزی جێبەجێكردنیان نییە. سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا ویستیان كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوبەرن، بەڵام نەیانتوانی.
وتەی ترامپ درۆیە كە دەڵێت لە هەوڵی گۆڕینی رژێمدا نییە، ئەگەر بیتوانیایە ئەوە بكات دەیكرد، بەڵام دەزانێت كە ناتوانێت”.
لەكاتێكدا ئابێی باسی لەوە كرد كە ئەمریكا ئامادەی “دانوستانی راستگۆیانەیە” لەگەڵ ئێران، خامنەیی باسی لەوە كرد كە باوەڕ بەوە ناكەن و “دانوستانی راستگۆیانە” لەگەڵ ترەمپدا ناكرێت.
عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، راشیگەیاند “لە بەرپرسانی ئەمریكادا دروستیی زۆر كەمە. ئێران متمانە بە ئەمریكا ناكات و ئەزموونی دانوستانی ناخۆش كە پێشتر لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمییدا كراوە بەهیچ شێوەیەك دووبارە ناكرێتەوە”. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەو تایبەتمەندیانەی باسی كرد لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن لە چوارچێوەی دانوستاندا دەبێت، ئاماژەی بەوەیش كرد كە ئەو وڵاتە بە دۆست دەبینن، لەگەڵ ئەوەیشدا گلەییان لێی هەیە.