ئەمریكا بە تۆمەتی بازرگانی كردن و مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئێران دوو كەسایەتی عێراق سزادەدات
دوای ئەوەی سزاكانی بۆسەر ئێران چڕكردەوەو رایگەیاند هەر وڵاتێك مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات سزا دەدرێت, لەو چوارچێوەیە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، ئەمریكا سزای بەسەر دوو كەسایەتی و كۆمپانیایەكی عێراقیدا سەپاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكیدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە هەریەكە لە مەكی كازم و محەممەد حوسێن كە دوو كەسایەتین و پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، خراونەتە لیستی سزادراوەكانی ئەمریكا.
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژە بەوەكراوە، بەهۆی پەیوەندی نێوان كۆمپانیای سامانی سەرچاوەكانی باشوور و سوپای پاسدارانی ئێران، كۆمپانیاكەی سزاداوە، عێراقییە.
ئەم دوو كەسایەتییە و كۆمپانیا عێراقییەكە بەپێی سزاكانی ئەمریكا بۆیان نییە هیچ جۆرە بازرگانییەك لە ئەمریكا یان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكاندا بكەن، هەروەها هەموو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بانك و سیستەمە داراییەكانی ئەمریكا دەپچڕێندرێت.