سیستانی هۆشداری سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات

لەگەڵ زیاد بوونی جموجۆلەكانی داعش لە نێو خاكی عێراق بە تایبەت لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان, عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق هۆشداری دەدات لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش، بە هۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەكان.
ئەحمەد سافی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق لە وتاری نوێژی هەینی رایگەیاند: دوای ئەوەی جەنگ كۆتایی هات و ناوچە جیاجیاكان پاككرانەوە، ناكۆكییەكان سەرلەنوێ سەریانهەڵدا، جارێك بە ئاشكرا و جارێك شاردراوە لەنێوان ئەو لایەنانەی كاروبارەكانیان بەدەستە و دەیانەوێت پارێزگاریی لە پێگەی پێشووی خۆیان بكەن و لەنێوان ئەوانەشدا كە لەكاتی جەنگی دژ بە داعش دەركەوتن، تائێستاش هەڵپەكردن بۆ دەستخستنی پۆستەكان و پێگە گرنگەكان، لەوانەش هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، ڕێگرن لەبەردەم تەواوكردنی كابینە وەزارییەكە”.
وتیشی: جگەلەوە كێشەی تایەفی و ناوچەگەری و خێڵەكی و سیاسی بەردەوامە، ئەگەر ئەم كێشانە بە پەلە چارەسەر نەكرێن و ململانێ لە ناوچە رزگاركراوە زیانلێكەوتوەكان كۆتایی نەیەت، پاشماوەكانی داعش دوبارە دەگەڕێنەوە و شوێنێك بۆخۆیان دەدۆزنەوە كە لە ئامێزیان بگرن.
نوێنەرەكەی عەلی سیستانی داواشی لە بەرپرسانی دۆسیەی ئەمنی كرد زۆر بە وشیاری هەنگاو بنێن و بەوپەڕی پیشەگەرییەوە كار لەگەڵ دۆسیەی ئەمنیدا بكەن.