بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق: پێویستە هاوڵاتیان بایۆمەتری دەنگدان ئەنجامبدەن, هەركەسێك كارتی دەنگدانی نەبێت ناتوانێت دەنگبدات

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق, كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی دیكە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەرانی دەستپێكردەوە و بەرپرسێكی باڵای كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقیش داوا لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان دەكات خۆیان تۆمار بكەن و دەشڵێ، ھەر ھەڵبژاردنێك لە عێراقدا بەڕێوە بچێت، بەبێ كارتی نوێ، دەنگدەر مافی دەنگدانی نابێت.

ڕزگار حاجی، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: “پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە سەرتاسەری عێراق، بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و ڕێژەی بەشداریكردنی ھاووڵاتییانیش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازە. بەرزترین ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای دیالە بووە، بەداخەوە لە ھەرێمی كوردستان تا ئێستا ڕێژەی بەشداری وەك پێویست نییە.”

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوتیشی: “یەكێك لە ھۆكارەكانی كەمیی ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ھەڵبژاردن بكرێت، ئەوە تەنیا پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە و كورد لە كەركووك و نەینەوا بەشدارە، بەڵام پێویستە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بنكەكانی تۆماری بایۆمەتری بكەن.”

ڕزگار حاجی ڕوونی كردەوە: “لە ھەر ھەڵبژاردنێكدا كە لە عێراق بەڕێوە بچێت بەبێ كارتی بایۆمەتری ھیچ ھاووڵاتییەك مافی دەنگدانی نابێت، لەبەر ئەوە پێویستە و داوا لە ھاووڵاتییان دەكەین، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەكردووە، لە بایۆمەتریی دەنگداندا بەشداری بكەن، تا ببنە خاوەن كارتی نوێی دەنگدان.”

Back to top button