مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانیای فیدراڵ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکات
ئەمرۆ شەممە 15-6-2019 مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مارتن جایگەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابوری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، کە باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەبوون، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەلمانیا و دوا رەوش و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بەشێوەیەکی گشتی تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی رۆلی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەڤەرەکە لەرێگەی گفتوگۆ کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە خوازیارە لەچوارچێوەی دەستوور و دیالۆگی بنیاتنەرانە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، چونکە ئاشتی و سەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابوری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دەکات.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە خرانە بەرباس، کە بەهۆێ شەڕی تیرۆریستانی داعش تووشی زیان بوونە.