شیرین ئامێدی: پارتی ناوی كاندیدەكانی ئامادەن و لە ئاست پەیام و بەرنامەی قۆناغەکەدان

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی ناوی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم ئامادە كردووە و سەرۆكی حكوومەتیش زۆر جیددییە بۆ ئەوەی بە زووترین كات كابینەی نۆیەم دەستبەكار بێت.
شیرین ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “لە رووی یاساییەوە دوای دەرچوونی مەڕسوومی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ سەرۆكی حكوومەت، لە ئێستادا پارتی كەسانی شایستەی دەستنیشان كردون، بە پێی توانا و لێهاتوویی و پسپۆڕی لە شوێنەكان دادەنرێن، بۆ ئەوەی لە خزمەتی گەل و نشتیماندا بن، ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: سەرۆكی حكوومەت زۆر جیددییە بۆ ئەوەی بە زووترین كات كابینەی نۆیەم دەستبەكار بێت.
لەبارەی ئامادەكردن و تەواوبوونی سیڤیی كاندیدانی پارتی بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامێدی گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەكاریی خۆی كردووە بۆ حكوومەت، بۆ ئەوەی خەڵكی شایستە بۆ پۆستەكان دابنێت، بەڵام دواكەوتنی حكوومەت بۆ ئەوە بوو لایەنەكانی تریش بتوانن نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان بكەن.
شیرین ئامێدی دەشڵێت: لەم قۆناغە سەختە، چاوی وڵاتانی ئیقلیمی و دەوڵەتان لەسەرمانە، كە ئەو كابینەیە چ گۆڕانكارییەكی تێدا دەكرێت، بۆیە ئەو كەسانەی دیاری كراون، دەبێت بتوانن ئەو پڕۆژەیەی لە حكوومەت ئامادەمان كردووە و لە كاتی هەڵبژاردن پێشكەش بە گەلەكەمانمان كردووە، بە كردەوە كاریان لەسەر بكەن و ئەو كەسانە بن كە بتوانن لە خزمەتی ئەمن و ئاسایش و گەل و نشتیماندا بن و لە ئاست ئەو پەیام و بەرنامەیەی پارتیدا بن بۆ ئەم قۆناغە.