روونكردنەوەیەك لە ئاسایشی هەولێرەوە
خوا كوڕك
لێدوانەكەی بەرێز حاجی كاروان هیچ بنەمایەكی نیە لەو كاتەی كە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی شەهیدكردنی مامۆستای ئایینی دكتۆر (هوشیار ئیسماعیل)ن، هەندێ كەس و لایەن لێدوانی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاودەكەنەوە كە خواستە و نەخواستە لە خزمەت بەرێوەچوونی پرۆسەی لێكۆلینەوەكەدا نیە و بەڵكو بە هەولێك بۆ بەلارێدا بردنی رەوتی لێكۆلینەوە هەژمار دەكرێت. لەم نێوانەدا لێدوانی بەرێز حاجی كاروان بۆ دیجیتال میدیای ئێن ئار تی جێگەی سەرسوڕمانە كە باس لەوە دەكات مامۆستا هوشیار هەفتەیەك بەر لە شەهید بوونی بۆ ئاسایشی هەولێر بانگهێشت كراوە، ئەم لێدوانەی ناوبراو تەواو دوور لە راستییە و هیچ بنەمایەكی نیە و بەداخەوە كە ناوبراو بێ پشتراستكردنەوە ئەو لێدوانەی داوە. بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە مامۆستای شەهید كەسێك بووە كە هەردەم كەسێكی هاوكار و نزیكی بنكەكانی ئاسایشی نزیك لە شوێنی نیشتەجێ بوونی بووە و كەسێكی بێ كێشە و جێگەی رێزی هەموو دامودەزگاكان بووە. هیوادارین هەموولایەك بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بن و رێز لە یاسا بگرن و با خوێنی شەهید نەخرێتە ناو موزایەدات و ململانێ سیاسییەكانەوە. دڵنیاین بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموولایەك تاوانبارانی ئەم كردارە قیزەوەنە ئاشكرا و دادگایی دەكرێن.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ۲٤/۱۱/۲٠۱٦