بەرپرسێكی گۆڕان: رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی هەندێك لایەنی قەلس كردووە, بۆ هەر پۆستێك سێ‌ كاندیدمان هەیە

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێێ‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا, وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو گەڕێكی سەردانەكانی بۆلای حزب و لایەنە سیاسەكان دەست پێبكات بە مەبەستی دیاری كردنی كاندیدانی ئەو حزبانە, سەركردەیەكی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت بۆ هەر پۆستێك سێ‌ كاندیدمان هەیە.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: “لێژنەیەكی باڵا سەرپەرشتیی ناوی كاندیدەكانی گۆڕان دەكات، بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دانراوە، بەڵام جیاوازیی ئێمە لەگەڵ حزبەكانی دیكە ئەوەیە بۆ ھەر پۆستێكی دیاریكراو، سێ كاندیدمان دەبێت، بێگومان ئەو سێ كاندیدە بەپێی پسپۆڕی و لێھاتوویی و شارەزایی خۆیان یەكێكیان بەكۆی دەنگ ناوەكەی دەستنیشان دەكرێت و پۆستەكەی پێ دەدرێت“.

ڕوونیشی كردەوە، بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ھەرێم و وەزارەتەكان و پۆستە سیادییەكانی دیكە، چەند سیڤییەك ھاتووەتە بەردەستی لێژنەی ھەڵسەنگاندن، بەڵام تاوەكوو ئێستا ناوی ھیچ كاندیدێك بۆ پۆستەكان یەكلایی نەكراوەتەوە، ”ئێمە پێش لایەنە سیاسییەكانی دیكە لەم مانگەدا ناوی كاندیدەكانی خۆمان ڕادەستی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین“.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەركردەكەی گۆڕان رای گەیاند: ”ماوەیەكە یەكێتی گێچەڵ بە بزووتنەوەی گۆڕان دەكات، یەكێتی ھەوڵی ئەوە دەدات، كێشەمان بۆ درووست بكەن و سەرقاڵمان بكەن، بەڵام ئێمە گوێ بە گێچەڵی ھیچ لایەنێك نادەین و ئەو كێشانەی یەكێتی بۆ ئێمەی درووست دەكات، بەھیچ شێوەیەك كارناكاتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە خەمی ئێمە ئەوەیە پێكھێنانی حكوومەت و دوورخستنەوەی ئەو ھەڕەشە و مەترسییانەیە لەسەر ھەرێمی كوردستان، دواجار ئێمە ناچین كوڕی فەقیر و ھەژار شەھید بكەین، بۆیە ئەو كارانەی بەرامبەر بە گۆڕان دەكرێت، جگە لە نەفرەتی و ڕووڕەشی بۆ كارە قێزەونەكانیان، ھیچی دیكە نییە“.

نەسرەدین مەحموود باسیشی لەوە كرد كە بزووتنەوەكەی لەگەڵ پارتیدا ڕێككەوتنێكی سیاسی كردووە، تاوەكوو لە چوار ساڵی داهاتوودا حكوومەتێكی خزمەتگوزار بە هاوكاریی هەموو لایەك هەبێت، هەرچەندە ڕێككەوتنەكە لە دژی هیچ لایەنێك نییە، بەڵام ”ئەو ڕێككەوتنە چەند لایەنێكی سایسی قەڵس كردووە و پێیان ناخۆشە پارتی و گۆڕان ڕێككەوتنیان كردووە“. گوتیشی: ”ئێمە خاوەنی سیاسەتی خۆمانین، ھەر لایەنێك ھەوڵی ئەوە بدات لە ڕێگەی تەقەكردنەوە فشار بۆ گۆڕان درووست بكات، ھەڵەیەكی گەورە دەكات، چونكە ئێمە خاوەنی بڕیاری سیاسیی خۆمانین و لەبەرنامە و كاری سیاسیی خۆمان لامان نەداوە“

Back to top button