شادی نەوزاد: ئامادە نیم دەستبەرداری كەیسەكەم بم دژ بە شاسوار عەبدولواحید

 

دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ سكالای دژ بە سەرۆكی جولانەوەكە تۆماركرد كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیۆدیی رووتی پەرلەمانتارەكەی كردبوو كە بە هۆی سكالای پەرلەمانتارەكە چەند هەفتەیەك سەرۆكی جوڵانەوەكە دەستگیركرا, ئەگەرچی بە كەفالەت ئازادكراوە, بەڵام ئەو ژنە پەرلەمانتارە دەڵێت:” ئامادەنیم دەستپەرداری كەیسەكەم بم لە دادگا”.
شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) ڕایگەیاندووە: “كەیسەكەم لە دادگایە و ڕێگای یاسایی خۆی گرتووە و لەسەر ڕێكارەكانی بەردەوامین، ھیچ بڕیارێكی نوێش بۆ بانگردنی ھیچ لایەكمان لەلایەن دادگاوە نییە”.
لەبارەی وازھێنان و پەشیمان بوونەوەی لە سكاڵاكەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید، شادی نەوزاد دەڵێت: “نەخێر دەستبەرداری كەیسەكەم نابم”.
ئەو ژنە پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ، هەرچەندە بە گوتەی خۆی بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕووت هەڕەشەی لێكراوە، بەڵام بەردەوام لەلایەن موژدە مەحموود، ژنە پەرلەمانتاری هەمان فراكسیۆنەوە وەڵامی دەدرێتەوە و جۆرێك لە دژایەتی دەكرێت، لەمبارەشەوە شادی نەوزاد دەڵێت: ”نازانم ھۆكارەكەی چییە، پرسیارەكە ئاراستەی خۆی بكەن، من پێموابوو لەبەر ئەوەی ھەردووكمان ھەمان ڕەگەزین و لە ھەمان فراكسیۆنین، پشتگیریم دەكات، بەڵام پێچەوانەكەیم بینی”.

Back to top button