سبەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێـتەوە

 

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا, وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو گەڕێكی سەردانەكانی بۆلای حزب و لایەنە سیاسەكان دەست پێبكات بە مەبەستی دیاری كردنی كاندیدانی ئەو حزبانە, سبەش لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی دیاریبكات.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی مەسرور بارزانی رایگەیاند مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دانانی پلانی دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشداری لە كابینەی نۆیەم دەكەن، لەگەڵ شاندی پێشووی دانوستانكاری پارتی كۆبووەوە, سبەی یەكشەممەش، 16ی حوزەیرانی 2019، لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی یەكەم كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ لایەنەكان سبەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دەبێت وەك لایەنی سەرەكی بەشدار لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی، رۆژی 11ی حوزەیرانی 2019 رابردوو، لەلایەن فراكسیۆنی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ناوزەدكرا و دواتریش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا، رۆژی 12ی حوزەیرانیش بە مەرسوومی هەرێمی لە رێوڕەسمێكدا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە راسپێردرا.

Back to top button