محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی هاوپەیمانییەتی هێزەكانی عیراق هەڵبژێردرا

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆكی هاوپەیمانییەتی هێزەكانی عیراق هەڵبژێردرا.
هاوپەیمانییەتی هێزەكانی عیراق، كە ژمارەیەك لە لایەنەكانی سوننە لەخۆدەگرێت، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە لە میانی كۆبونەوەیەكیاندا بە كۆی دەنگ محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی هاوپەیمانییەتەكە هەڵبژێردراوە.

هەروەها فەلاح زێدان بە سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانییەتی هێزەكانی عیراق لە پەرلەمانی عیراق هەڵبژێردراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، 40 ئەندامی هاوپەیمانییەتی هێزەكانی عیراق لە كۆبونەوەكەدا، ئامادەبون.

پێشتر لایەنەكانی سوننە، هاوپەیمانییەتییەكیان لەژێر ناوی “میحوەری نیشتمانی” بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر پێكهێنابوو، كە گەورەترین فراكسیۆنی سوننە بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران بەوپێیەی لە كۆی 329 كورسی، خاوەنی 50 كورسی بوو، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردودا، ناكۆكی كەوتە نێوان لایەنەكانی نێو هاوپەیمانییەتی “میحوەری نیشتمانی” كە بە هۆیەوە بەسەر دووبەرەدا دابەش بوو، ئەوانیش هاوپەیمانییەتی “هێزەكانی عیراق” و “میحوەری نیشتمانی”ین.

بەپێی تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە عیراق، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پشكی سوننەیە و پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كورد و پۆستی سەرۆك وەزیرانیش پشكی شیعەیە.

Back to top button