وەزارەتی پەروەردە، لەچەند وانەیەك نمرە دەبەخشێت بەخوێندكاران
دوای ئەوەی ناڕەزایەتی قوتابیان لە بارەی چەند پرسیارێكی وزاری پۆلی دوانزە گەیێندرایە وەزارەتی پەەروەردە, ئێوارەی ئەمڕۆ دوەزارەتی پەروەردە دەرەنجامی ئەو بڕیارانەی ڕاگەیاند، كە لیژنەیەك پێكهێنرابوو بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر وانەكانی بیركاری و كوردی و عەرەبی.
شۆڕش غەفوری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تاقیكردنەوەكان لەدوای هەڵبژاردنەكان گەورەترین پڕۆسەیە كە نزیكەی 250 هەزار خوێندكار و مامۆستا و سەرپەرشتیار بەشداری تێدادەكەن، خۆشبەختانە ئەمساڵ پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینی لەگەیاندنی پرسیارەكان و چاپ و جۆری پرسیارەكان و دانانی وەڵامی نموونەیی و گرەنتی وەڵام، تاوەكو چاپكردنی لاپەڕەی سۆما بۆیەكەمجار بە 26 جۆر پرسیار چاپ بكرێت، بۆ ئەوەی دادپەروەری دروست بێت و كێشەی ڕێژەی گزی كردن كەم ببێتەوە.
وتیشی: بەداخەوە هەندێ كەس لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرپرسانە مامەڵە ناكەن و واناكەن لەپڕۆسەیەكی وەهادا دەروونی خوێندكاران جێگیربێت و دەیشڵەژێنن، ئەمەش بۆ مەرامی بەدەست هێنانی پارەبووە، لە رێگەی بڵاوكردنەوەی هەندێ هەواڵی ناڕاست لەسەر ئەزموونەكان، هەروەها بەشێك لەمامۆستایانی وانەی تایبەتیش كە ژمارەیان زۆر كەمە لەڕێگەی لایڤەوە هەندێ قسەیان لەسەر ئەزموونەكان كردووە.
لای خۆشیەوە سامان سیوەیلی ووتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەتاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی 115 هەزار و 945 خوێندكار و لەتاقیكردنەوەی پۆلی 9ی بنەڕەتیش 118 و 383 خوێندكار بەشداریان كرد، هەروەها لەڕێگەی 27 هەزار مامۆستا و بەڕێوەبەری هۆڵ و سەرپەرشتیار، چاودێری پڕۆسەكەیان كردوە.
راشیگەیاند، “چەند دەنگۆیەك دروست بوو لەسەر ماددەكانی عەرەبی و كوردی و بیركاری، لەسەر داوای وەزیری پەروەردە لیژنەیەك پێكهات بۆ دیراسەكردنی سەرجەم سەرنجەكانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان، هەر هەمووی لێكۆڵینەوەی لەسەر كراوە و بەچەند ئەنجامانێك گەیشتن و چەند بڕیارێكیاندا، بۆیە خوێندكاران و كەس و كاریان دڵنیا دەكەینەوە لەبەرژوەندی ئەوان دەبێت هەر بڕیارێك.
سەبارەت بەبڕیارەكانیش ئەوە دەخاتەڕوو، لەوانەی كوردی پرسیاری 14 ڕای جیاوازی لەسەرە بۆیە دوونمرە دەدرێت بەخوێندكاران، لەبارەی پرسیاری یەكەمیش لەهەمان بابەت، دوو وەڵام راست دادەنرێت كە بریتین لە وەڵامی D و B هەر وەڵامێك دیاری كردبێت، ئەمەش دوو نمرەی پێدەدرێت، خۆشبەختانە لەسەرووی هەزار خوێندكار 100 نمرەی هێناوە لەكوردی.
سامان سیوەیلی سەبارەت بەوانەی بیركاریش وتی: هەندێ گلەیی هەبووە، زیاد لە هەزار و 100 خوێندكار 100 نمرەیان لەوانەی بیركاری هێناوە، هاوكات لە وانەی عەرەبی كە هەندێ تێبینی لەسەر بووە، لە پرسیاری 15 و 37 لەگروپی A دوو نمرە دەبەخشرێت بە خوێندكار بە هەرجۆرێك وەڵامیان دابێتەوە، هەروها لە پرسیارەكانی 2 و 21 وەڵامەكانی A-B بەڕاست دادەنرێت هەروەها پرسیاری 23 A-D بەڕاست دادەنرێت، بۆیە هەریەكێك لەم وەڵامانە دیاری كرابن ئەوا دوو نمرەیان پێدەدرێت، بۆیە بەدەر لەمە پڕۆسەكە بەسەركەوتوویی بەڕێوەچووە.
جەختیشی كردەوە: بەزووترین كات ئەنجامەكان ڕادەگەیەنین و داواكارین خوێندكارانیش هیچ نیگەرانێكیان نەبێت.
ووتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، ڕێكاری پێوست بەرامبەر هەركەسێك دەگیرێتە بەر ئەگەر پڕوپاگەندەیەكی بڵاوكردبێتەوە، یاخود هەوڵی دابێت ئامێری هێنابێت، لەسلێمانی 3 تۆمەتبار دەستگیركران و دران بەدادگا، كە 300 ئامێریان هێنابوو بۆ فرۆشتن.