شێخ جەعفەر مستهفا: سەردانەكەی مهسرور بارزانی و شاندی پارتی گرینگه.. سهرجهم پۆستەكان یەكلا كراونەتەوە
بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، شاندێكی پارتی لە سلێمانییە و لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن كۆدەبنەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئەو سەردانە بە باش دەزانێت، هاوكات دەشڵێ، كاندیدەكانمان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێ، وابەستە بە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی حیزبەكەوەیە.
كهمێك پێش ئێسا شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، گهیشتنه سلێمانی بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە كابینەی نۆیەمدا بەشدار دەبن، ئهندامانی شاندەكەی پارتیش بریتین لە: (دڵشاد شەهاب، ئومێد خۆشناو، هێمن هەورامی، فرسەت سۆفی).
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه، چوونی مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی و سەردانی ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكوومەتی نوێدا دەكەن، بە باش دەزانێ، بەو پێیەی لە نزیكەوە سەبارەت بە چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات، دواتریش ئەو لایەنانەی دیكە ناوی پاڵێوراوەكانی خۆیانیان بۆ پۆستەكانی كابینەكە پێ بدەن، دوێنێ لە دوای كۆبووەنەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە پۆستەكان لە نێوان لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی نوێ یەكلا كراونەتەوە، هاوكات ئاماژەی بەوەش دا كە هەوڵ دەدەن زووتر لە وادەی دیاریكراوی خۆی، كابینەی نۆیەم پێكبهێنن.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئاماژەی بەوەدا، كە پۆستەكان یەكلا كراونەتەوە، بەڵام تاكو ئێستا ناوی هیچ كاندید و پاڵێوراوێك نەدراوەتە كەسی راسپێردراوی كابینەی نوێ، دواتریش گەیشتنە ئەنجام ناوەكانیان دەدرێتێ، ناوی كاندیدەكانی یەكێتیشی وابەستە كرد، بەو كۆبوونەوانەی كە دواتر حیزبەكەی لە نێوخۆی خۆیدا دەیكات بە مەبەستی كاندیدكردنی ئەو كەسانەی مەبەستیانە لە كابینەی نوێ پۆست وەربگرن.