وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: گۆڕانكاری له دروستكردنی رێگاكان دەكرێت.. حكوومەت پارەی تەرخان كردووه
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگاوبان گوتی، ئەگەر قەیرانی دارایی نەبووایە، تاوەكو ٢٠١٧ بڕیار بوو بە بڕی ٢٠ ترلیۆن دینار رێگاوبان لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە دەستی پێكردووەتەوە و ئەمجارە بە جۆرێك دروست دەكرێن، كە بە چەندین ساڵ تێك ناچن.
سدقی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “دوای چەندین كۆبوونەوە، بڕیار درا كە سەرجەم ئەو رێگایانەی لە ھەرێمی كوردستان كە تێك چوون، نۆژەن بكرێنەوە و چەندین رێگای نوێش دروست دەكرێن، لەوانە رێگای ھەولێر بۆ دھۆك و ھەولێر بۆ كۆیە و چەندین رێگای تریش، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارەی بۆ تەرخان كردوون و دەست بە دروستكردنیان كراوە و بڕیاریشە زۆرینەی رێگاكان ئەمساڵ نۆژەن بكرێنەوە”.
ئامێدی گوتیشی: “ئەو رێگایانەی ئێستا دروست دەكرێن، بە تەكنەلۆژیایەكی نوێیە، بۆ نموونە لە رێگای باتێل بۆ زاخۆ و رێگای كۆیەش پۆلیمەر بەكار دەھێندرێت، كە لەمەودوا بۆ ھەموو رێگاكانیش ئەو پۆلیمەرە بەكار دێت، بۆیە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی چەندین ساڵ رێگاكان تێك نەچن”.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، دروستكردنی رێگاكان پارەیەكی زۆری پێویستە و ئەو پڕۆژانەی بە ھۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون و بڕیار بوو تاوەكو ٢٠١٧تەواو بكرێن، بە بڕی ٢٠ ترلیۆن دینار بوون، چونكە ھەر ١٠٠كم دروستكردنی رێگا، پێویستی بە ٤٠٠ملیۆن دۆلار ھەیە، بۆیە پارەیەكی زۆریان پێویستە.