وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: ئەمساڵ زۆربەی رێگاکان بەستانداردێکی بەرز نۆژەندەکرێنەوە

 

دوای ئەوەی بەهۆی قەیرانی دارایی چەند ساڵێکە ڕێگاکانی هاتووچۆ نۆژەن نەکراونەتەوەو ئەمساڵیش بەهۆی ڕێژەی زۆری باران ڕێگاکان زیاتر تێکچونە، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگاوبان دەڵێت، لەمساڵدا زۆرینەی رێگاكانی هەرێم نۆژەن دەكرێنەوە، جەختیش دەكاتەوە، كە ئەمجارە بە جۆرێك رێگاكان دروست دەكرێن كە بە چەند ساڵ تێكنەچن.
سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگاوبان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی رایگەیاندووە: “دوای چەندین كۆبوونەوە، بڕیار درا كە سەرجەم ئەو رێگایانەی لە هەرێمی كوردستان كە تێك چوون، نۆژەن بكرێنەوە و چەندین رێگای نوێش دروست دەكرێن، لەوانە رێگای هەولێر بۆ دهۆك و هەولێر بۆ كۆیە و چەندین رێگای تریش، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارەی بۆ تەرخان كردوون و دەست بە دروستكردنیان كراوە و بڕیاریشە زۆرینەی رێگاكان ئەمساڵ نۆژەن بكرێنەوە”.
باسی لەوەشكردووە: “ئەو رێگایانەی ئێستا دروست دەكرێن، بە تەكنەلۆژیایەكی نوێیە، بۆ نموونە لە رێگای باتێل بۆ زاخۆ و رێگای كۆیەش پۆلیمەر بەكار دەهێندرێت، كە لەمەودوا بۆ هەموو رێگاكانیش ئەو پۆلیمەرە بەكار دێت، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی چەندین ساڵ رێگاكان تێك نەچن”.

Back to top button