کۆمسیۆنی هەلبژاردنەکان: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵێکی تر دواخرا

لەگەڵ ئەوەی دەبوو ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام لەسەر داوای بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنەکە دواخرا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق 20ی نیسانی 2020ی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی خەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكرد، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێت: پێویستە تا سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە.

حازم رەدینی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی عیراق رایگەیاند كە رێككەوتون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 20ی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لای خۆیەوە رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە:  پێویستمان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە و ئەگەر تا 1ی تەمموز ئەنجوومەنی نوێنەران، یاساكەی هەموار كردەوە، ئەوا ئێمە لە نیسانی داهاتوودا دەتوانین پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرین.
رونیشیكردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێشنیازیان كردووە، ئەگەر تا یەكی نیسان ئەنجوومەنی نوێنەران بتوانێت یاساكە هەموار بكاتەوە، كۆمیسیۆن دەتوانێت لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی یاساكە هەموار بكاتەوە، بەو پێیەی كۆمیسیۆن بۆ هەر هەڵبژاردنێك پێویستی بە 221 رۆژ هەیە.

Back to top button