قوباد تاڵەبانی: ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بمابایە پشتیوانی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دهكرد
قوباد تاڵەبانی، کوڕی گهورهی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت” ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بمابایە پشتیوانی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەت دەکرد.
قوباد تاڵەبانی شەوی یەکشەممە پەیامێکی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک” بڵاوکردووەتەوەو تیایدا باسی لە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گفتۆگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی و سەردانی مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی بەمەبەستی گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێم کردووە.
ناوبراو دەڵێت” ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بمابایە لەمیانەی کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی بە زەردەخەنەوە بە هەردوو مەکتەبی سیاسییەکەی دەوت لە بیرتان نەچێت کاک نێچیرڤان تەنها هی پارتی نییە، کاندیدی یەکێتیشە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، کاک نێچیرڤان چەندە لە ئاست پارتی بەرپرسیارە دوو ئەوەندە لە ئاست یەکێتیدا بەرپرسیارە، لەھەمانکاتدا پشتیوانی خۆی و یەکێتی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی رادەگەیاند”.
قوباد تاڵەبانی باس لەوەش دەکات، ئەگەر مام جەلال تاڵەبانی لە ژیان بمابایە لەو کاتەی شاندی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی و بەرپرسانی باڵای یەکێتییان بکردبایە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئاگاداردەکردەوە لە کاتی گەیشتنی شاندەکە لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێ بکرێت، خۆ ئەگەر جەنابی کاک مەسعوودیش هاتبایە، مام خۆی دەچووە پێشوازی، مام هەمیشە دەیوت پێشوازیکردن لە میوان گەورەییە”.
ئهمرۆ دووشهممه مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم سهردانى شارى سلێمانى كردو لهگهل لایهنى گوڕان و یهكێتى و سوسیالیست كۆبووهوهو پرسی پێکهێنانی کابینەی تازەیان تاوتوێکرد.
بۆ خوێندنهوهى وتارهكهى قوباد تالهبانى، كلیك لهسهر ئهم لینكه بكهن:-
https://www.facebook.com/qubadtalabaniofficial/posts/2265915626860787?__tn__=K-R