سەرۆك بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
ڕۆژی سێشەممە ١٨ـی ٦ـی ٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش كرد و پێزانینی هەبوو بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش. هەروەها سەرۆك بارزانیی لە ئەرك و كاری خۆی ئاگادار كردەوە كە لە لایەن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی ڕاسپێردراوە بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و دەستپێكردنی پڕۆسەی دادگاییكردنی ئەو داعشانەی دەستیان لە تاوانەكاندا هەبووە. وێڕای ئاماژەدان بە شكانی داعش لەڕووی سەربازییەوە ئەوەی خستەڕوو كە ئەو تاوانانەی لە عێراق و كوردستان لە لایەن داعشەوە ئەنجام دراوە دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. جەختیشی لەوە كردەوە هەوڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش، لەپێناو جیاكردنەوەی تاوانباران و ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە.
داوایشی كرد كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق هاوكاری تیمی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بن. هەروەها ڕاشیگەیاند كە لەو ئەركەدا پێویستیی بەردەوامی بە ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی هەیە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای پێزانین بۆ ئەو بڕیارەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ئەركێكی پیرۆزی لە قەڵەم دا و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە ڕاگەیاند لەپێناو دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هێمای بە قوربانیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەدا لە شەڕی تیرۆریستاندا و جەختی لەوە كردەوە كە سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون، گەلی كوردستان لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە و ئاشتەواییدا هەرگیز دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبردووە. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەكانی داعش و ڕایگەیاند كە ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردۆتە ئامانج. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئامانجی تیرۆر دروستكردنی ناكۆكی و دژایەتیی نێوان ئایینەكانە و، ئەوەیش بابەتێكی مەترسیدارە. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە هەوڵ و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی پێویستە.