عادل عەبدولمەهدی : قبوڵناكەین خاكی عێراق دژ بە دراوسێكانمان بەكار بهێنرێت

 
لەگەڵ ناو هێنانی ناكۆكیەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران, عێراق وەك بەشێك لە كێشەكان دەردەكەوێت, راستەوخۆ كێشەكان بەعێراقەوە دەبەسترێتەوە, بەڵام ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی جموجۆڵی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق قەدەخەدەكات و رایدەگەیێنێت بەبێ رەزامەندی و رێككەوتن، رێگە بە جموجۆڵی هیچ هێزێكی بیانی لەسەر خاكی وڵاتەكەی نادرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە راگەیێندراوێكدا وێڕای ئاماژەكردن بە خراپی دۆخی رابردووی عێراق و كۆنترۆڵكردنی بەشێكی خاكەكەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، هاوكات ستایشی رۆڵی سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، هۆزەكان و خۆبەخشان دەكات لە تێكشكاندنی داعش بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ.
لە راگەیێندراوەكەدا عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەكردووە “جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە رێگەنادرێت بە كاری هیچ هێزێكی بیانی یاخود جموجۆڵكردن لەسەر خاكی عێراق بەبێ مۆڵەت و رێككەوتن و كۆنترڵی حكومەتی عێراق نەبێت. هەروەها رێگە بەهیچ وڵاتێكی هەرێمی یاخود دەرەوەی هەرێمی نادرێت بوونی لەسەر خاكی عێراقدا هەبێت و چالاكی لە دژی هیچ لایەنێك بكات جا وڵاتانی دەورووبەر، یاخود بوونی هەر وڵاتێكی بیانی بێت لە ناوخۆ  یاخود دەرەوە، بەبێ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق”.
سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختدەكاتەوە “رێگە بە هیچ هێزێكی چەكداری عێراقی یاخود ناعێراقی نادرێت لە دەرەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراقی یاخود لە دەرەوەی فەرمان و سەرپەرشتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بێت. هاوكات رێگەش بە كاری هیچ هێزێكی چەكداری نادرێت لە چوارچێوەی هێزە چەكدارەكان و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت و جموجۆڵ یاخود ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات، یان كۆگا و پیشەسازی هەبێت بەبێ ئاگاداری و ئیدارە و كۆنترڵی هێزە چەكدارەكانی عێراق و لەژێر سەرپەرشتی فەرماندەی گشتی نەبێت”.
Back to top button