جەبار یاوەر بە هاوكاری هاوپەیمانان چاكسازیمان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێكردووە

دوای ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا كە چاكسازی لە وەزارەتەكەدا كرد, بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت كە هەنگاوەكانی چاكسازیان دەست پێكردووە, هاو پەیمانان هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن لە چاكسازی .
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند: ” لەكۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا كە بەسەرپەرشتی كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت بەڕێوەچوو، هەریەك لە لێژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و بۆردی چاكسازی پێشمەرگە و جەنەڕاڵ (گروكەر ) فەرماندەی ئۆفیسی ئاسایشی هاوبەش لەعێراق و كونسوڵی گشتی وڵاتانی (ئەمەریكا- بەریتانیا- ئەڵمانیا) لەهەرێمی كوردستان ئامادەبوون”.

راشیگەیاند: “لە كۆبوونەوەكەدا بەتێر و تەسەلی باس لە پرۆسەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە كرا و جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی ئەم پلانە كرایەوە، بەگرنگیشان زانی كە سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەتی داهاتووی كوردستان بابەتی چاكسازی پێشمەرگە بكاتە دەستپێكی كارەكانی لە چوار ساڵی داهاتوودا”.

ناوبراو ئاماژەی بە ئەوەش كرد كە “لەو كۆبوونەوەیەدا كونسوڵی گشتی وڵاتانی هاوپەیمان و راوێژكاری سەربازی هاوپەیمانان بەڵێنی بەردەوامی هاوكارییەكانیاندا بۆ سەرخستنی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوكاری سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان”.

ئەوەشی خستەڕوو” وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت سوپاسی پاڵپشتی هاوپەیمانانی كرد بۆ ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیدان بە مەشق و راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە”.

Back to top button