ئومێد خۆشناو: ژمارەی ئەو چەکە میلانەم لایە کە مەحموود سەنگاوی لە بەرەکانی شەڕ دزییەوە و بە قاچاخ فرۆشتی.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە گەرمەی شەڕی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەکی میلانی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دزیوەتەوە و بە قاچاخ فرۆشتوویەتی.

کەمێک لەمەوبەر، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کەناڵی (کوردستان ٢٤)،  ڕای گەیاند: لە ماوەی ڕابردوو مەحموود سەنگاوی سکاڵای لە دژم جووڵاند کە گوتبووم چەکی میلانی فرۆشتووە، بەڵام دەیڵێمەوە مەحموود سەنگاوی چەکی میلانی فرۆشتووە و ژمارەی میلانەکەم لایە.

خۆشناو، ڕوونیشی کردەوە کە لەگەرمەی شەڕی داعشدا و لە کاتێکدا خۆڕاگریی گەلی کوردستان و مانەوەی کوڕە پێشمەرگە قارەمانەکان لەبەردەم تیرۆریستان، بەشێکی بەهۆی بوونی چەکی میلانەوە بوو کە دۆستانی کورد لە چوارچێوەی هاوپەیمانان بە کوردستانیان دەدا، بەڵام مەحموود سەنگاوی چەکی میلانی فرۆشت و لە بەرەکانەوە دزییەوە و فرۆشتی.

جەختیشی کردەوە کە سەرچاوەی داهات و ”نان و پیازی کەسانی وەکو مەحموود سەنگاوی“ بریتییە لە شەڕ و ئاشوب، ئەو باش دەزانێت کە کەسانی شەڕانگێز لە هەرێمی کوردستانی بەهێزدا جێگەیان نابێتەوە و ئەو حکوومەتەی درووست دەبێت حکوومەتێکی یەکانگیر بێت، ئەوکاتە ئەو ناتوانێت لە گەرمیان پۆلیس و بازرگان و دز و چەتە و مافیا و هەموو شتێک هەر خۆی بێت، گوناحی ئێمە نییە، کوڕەکەت لەلایەن حزبەکەی خۆتەوە هەڵنەبژێردرێت، کوڕەکەت کە بێئیشە و دانیشتووە دۆمینە دەکات، خۆ پارتی ڕەتی نەکردووەتەوە.

خۆشناو له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا وتی داوای لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ده‌كه‌ین، سنوور بۆ مەحموود سەنگاوی و کەسانی وەکوو ئەو دابنێن و گوتی: ”ڕوومان لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و خەڵکی عاقڵی ناو یەکێتییە، وەڵامیان بۆ ئەو دەربڕینانە هەبێت و سنووریان بۆ دابنرێت، چونکە ئەمڕۆ ئەگەر ڕێ لەو چەتەیە نەگیرێت، چەتەی دیکەش سبەی دێتە دەنگ و پەلاماری پیرۆزییەکانی ئێمە دەدەن“.

 

Back to top button