ھەفتەی داھاتوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوی به‌ربژێره‌كانی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم ڕاده‌ستی مه‌سرور بارزانی ده‌كات

پەرلەمانتارێکی گۆڕان ئاشکرای دەکات، ھەفتەی داھاتوو ناوی کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستەکانی کابینەی نۆیەم و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رادەستی مەسرور بارزانی دەکرێت.

دابان محمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکان کێشەی نییە و لە رێگەی لێژنەیەکی ١١ کەسییەوە کاندیدی پۆستەکان یەکلایی دەکەنەوە، کاتی یەکلایکردنەوەی کاندیدەکان نەیشاردەوە کە ”گۆڕان ھەوڵ دەدات لە  ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو، ناوی کاندیدەکانی رادەستی مەسرور بارزانی بکات“.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتوون، گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان، مستەفای سەید قادر و بۆ یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت بۆ كاروبارى چاكسازى، جەلال جەوهەری کاندید کردووە، مەرجیشی بۆ پۆستی وەزیری دارایی ئەوەیە كه‌ ده‌بێت خەڵکی سلێمانی بێت.

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک کەس بۆ پۆستەکانی گۆڕان ناوی خۆیان کاندید کردووە و هێشتا لەلایەن حزبەکەیانەوە یەکلا نەکراونەتەوە، یەکێکیش لەو پۆستانە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە کە هەریەک لە (چالاک موهەندیس، برزۆ مەجید و بەرزان خۆشناو) لە هەولێرەوە خۆیان کاندید کردووە.

Back to top button