گۆڕان: نابێت پرسی نەوت و غاز ومادەی 140 بودجە و پێشمەرگە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم بکرێ بە بابەتی موزایەدە

 

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، مافی دەستووری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و نابێت پرسی نەوت و غاز ومادەی 140 بودجە و پێشمەرگە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم بکرێ بە بابەتی موزایەدە و هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێكی حزبی و حكوومی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و خۆنواندن ئه‌و پرسه‌ به‌كاربێنێ گوزارشت لە سیاسەتی گۆڕان ناكات.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ “بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە و واشدەمێنێ، هەر لەگەڵ دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت”.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: “هەر لەبەر ئەوەیە، کە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستووری و نایاساییەکان و لە دژی هەموو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ “بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیریی لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت”.

هەر رەخنەیەکیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن و بە زمانێکی ناشایستەو ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشی دەکاتەوە.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵوێستی خۆی روونكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی 140، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، کە هەمویان پرسی نیشتیمانین و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، دەبێ بە رێکاری دەستووری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بە بەشداری و هاوکاریی و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا”.

له‌باره‌ی بۆ بابەتی نەوت و غازو بوودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بەرێگای دەستووری یاسایی چارەسەر بکرێ، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریکردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی ( مادەی 106ـی دەستوری هەمیشەیی عێراق) و دروستکردنی ئەو دەستەیە بە زوترین کات، کە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە دەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروستکردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم .

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “تا دەرکردنی ئەم یاسایەش مافی دەستووری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان، و بە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرف بکرێ”.

روونكردنه‌وه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوكاتی هه‌وڵی سێ په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێیه‌ كه‌ هه‌وڵێكیان له‌ به‌غداوه‌ دژی دۆسێی نه‌وت و غازی هه‌رێم ده‌ستپێكردووه‌ و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن “بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دادگای فیدراڵییان له‌ هه‌رێمی كوردستان گراتووه‌ تا نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستی به‌غدا بكاته‌وه‌”.

Back to top button