بەرپرسێكی گۆڕان: كێ بەیانیان زۆتر لەخەو ھەستا، دەبێتە حاكمی یەكێتی تا ئێوارە

بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان، دەلێت: بەیانیان كێ زۆتر لە خەو ھەستا، تا ئێوارە حاكمی یەكێتی دەبێت.

ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایگەیاند: ”ڕۆژ لە رۆژ دۆخی یەکێتی زیاتر بەرەو خۆرئاوا بوون دەچێت، هیوا دەخوازم خۆری ئاوا ببێت، تاوەکوو خەڵکیش لەو پاشاگەردانییە ڕزگاریان ببێت، ئەوان خۆیان لەناوخۆیان کێشەیان ھەیە، ھەموو ئازارەکانیان بۆ میللەتەکەیە، لەسەر پۆست و پارە و داھات پێکنایەن، لەلایەکی دیکەشەوە ھەڕەشەی دەرکردن لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، لەبەر ئەو خەمخۆرییەمان بۆ زوو پێکھێنانی حکوومەت و کۆتاییھێنان بەو دۆخە ھەرێم و ناکۆکییەکان ھەیەتی“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی گۆڕان باسی لە قسەکانی مەحموود سەنگاوی لە دژی پارتی و سەرۆک بارزانی کرد و نەیشاردەوە کە ئەو قسانە ”ڕاگەیاندنی باڵێکی دیکەی یەکێتییە کە باڵی گەرمیانییەکانی پێ دەڵێن، ئەوەش خۆ دەرخستنێکی دیکەیە“. گوتیشی: ”ئەوەی لە ڕووی عەقڵانییەوە تۆزێک بیر بکاتەوە، کەی ئەوە قسەی پیاوێکی سیاسی و ئەندامی مەکتەبیی سیاسییە لەو دۆخەدا و بەو شێوەیە؟ لە ناو یەکێتی وای لێ ھاتووە کە کەس وەڵامی کەس ناداتەوە، دیسپلینی حزبی نەماوە، ئەوەی ماوە بەرژەوەندییە، ھیچ بەھا و شتێک لەناو یەکێتیدا نەماوە“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد کە دۆخی حزبەکە بە ڕادەیەکە، ”بەیانی زووەکەی کێ لەخەو ھەستا، ئەو تا ئێوارە حاکمی یەکێتییە، ھەر کەس بەدڵی خۆی جنێو و لێدوان دەدات، لەوێ کۆسرەت ڕەسووڵ دەچێت ڕێککەوتن مۆر دەکات و لەولاوە پاڤڵ تاڵەبانی ڕەتی دەکاتەوە، ھەر کەس داوای پشکی خۆی و برا و کوڕ و کەسوکاری دەکات“.

 

Back to top button