کۆمەڵ ترسی لێ نیشتووە .. باڵە جیابووەوەکەی کۆمەڵ بەشداریی کۆنگرە ناکه‌ن

کۆمەڵی ئیسلامی لەبەردەم کۆنگرەیەکی چارەنووسسازدایە و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی باڵە جیابووەوەکەش، کە لە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیر پێکهاتوون، شکست دەهێنێت. سەرکردەیەکی کۆمەڵیش ئاشکرای دەکات، داوایان لە عەلی باپیر کردووە، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتوون، هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەرکردە جیابووەوەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، لە ماوەی رابردوو بۆ بەشداریکردنیان لە کۆنگرە چاوەڕوانکراوەکەی کۆمەڵی ئیسلامی شکستی هێناوە و کۆمەڵی ئیسلامی بەبێ ئەو سەرکردانە کۆنگرەی چوارەمی دەبەستێت.

چاودێرانی ساسی پێیان وایە، کۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی هەژموونی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و خۆسەپاندنی بەسەر کۆی بڕیارەکانی ئەو حزبەوە، دووچاری تەقینەوەی ناوخۆیی و دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ هاتووە، لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە کۆنگرەی حزبی لەجیاتی ئەوەی چارەسەر بۆ دۆخی ناوخۆیی ئەو حزبە بکات، درزی نێوان جیاوازییەکان زیاتر بکاتەوە، تا ئاستی ئەوەی ئینشیقاق و ماڵجیایی دیکەیش تیایدا روو بدات.

Back to top button