حکوومەت گرێبەستێکی نەوتی بۆ مەحمود سەنگاوی تازە نەکردووەتەوە

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان نهێنیی قسەکانی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە دژی سەرۆک بارزانی ئاشکرا کرد و رای گەیاند کە بەهۆی بێهیوابوونی لە تازەکردنەوەی گرێبەستێکی بواری نەوت، ئەم قسانەی کردووە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە بۆنەیەکی بچووکی حزبیدا بە شێوازێکی بازاڕییانەی بەردەوامی خۆی، پەلاماری سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی دا. لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٩ی ٦ی ٢٠١٩، ڕێگەی گواستنەوەی دەیان تانکەری نەوت لە کێڵگەی (حەسیرە)ی گەرمیانەوە بۆ هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە گیراوە.

لەمبارەیەوە ڕزگار محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیونی گۆڕان ڕایگەیاند، بەدواداچوونی بۆ بابەتی تانکەرەکانی نەوت کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە گرێبەستێک هەیە هی کۆمپانیای کەسێکە بە ناوی (د. ح. س) کە لە بنەڕەتدا کۆمپانیاکە هی مەحمود سەنگاوییە، ئەوانە گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر سێ مانگ جارێک بۆ دەکرێت کە نەوت لە گەرمیانەوە بۆ هەولێر بگوازنەوە، بەڵام لە ١٥ی ٦ی ٢٠١٩ەوە گرێبەستی کۆمپانیاکە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و نوێ نەکراوەتەوە.

Back to top button