كۆنگرێسی ئەمریكا كچە كوردێك خەڵات دەكات
دوای ئەوەی كچە كوردێكی دانیشتوی ئەمریكا توانی لەسەر ئاستی ئەمریكا لە خوێندن پلەیەكی بەرز بەدەست بهێنێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو كچە كوردە لە لایەن كۆشكی سپی لە پای زیرەكی و كارە خۆبەخشەكانی لە ئەمریكا خەلاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا.
سارا محەمەد شوانی لە دایك بوی شاری كەركووكە ئێستا لە ئەمریكا دەژیێت, ئەمڕۆ بە جلوبەرگی كوردییەوە بەشداری لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەكەی لە كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە, دوای رێوڕەسمەكە رایگەیاند كە لەگەڵ خێزانەكەیدا ماوەی 10 ساڵە لە ویلایەتی یوتای ئەمەریكا نیشتەجێن، لە میانی ئەو خەڵاتەی ساڵانە كۆنگرێسی ئەمریكا پێشكەشی قوتابیە لێهاتووەكانی وڵاتەكەی دەكات، ئەمساڵ ئەویش خەڵات كراوە.
سارا محەمەد دەڵێ جیا لەوەی خەڵاتەكە بە قوتابیانی زیرەك دەدرێت، هاوكات كاری خۆبەخشی و مرۆییش رۆڵی هەیە لە پێدانی ئەو خەڵاتە، ئەمساڵیش ئەو یەكێك بوو لەوانەی خەڵاتەكەی وەرگرتووە و لە لەلایەن یانەیەكی قوتابیانەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە دەستنیشان كرابوو.
سارا ئەوەشی باس كردووە كە بەشداربووان و ئەو ئەندامانەی كۆنگرێسی ئەمەریكا كە ئامادەی رێوڕەسمەكە بوون، سەرسامی خۆیان بە جلە كوردییەكەی نیشان داوە، ئەویش هۆكاری پۆشینی جلە كوردیەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ویستوویەتی نوێنەرانی خەڵكی كوردستان بكات.