وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی دەكات
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا, جێریمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بە بۆنەی راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسرور بارزانی دەكات.
هەنت لە پەیامی پیرۆزباییەكەدا، كە ئاراستەی مەسرور بارزانی كردووە، دەڵێت: “شانشینی یەكگرتوو شانازی بەو پەیوەندییە مێژووییە دەكات كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی و لە شەڕی داعشیشدا پشتیوانی لە خەڵكی عێراق و كورد كردووە”.
لەو پەیامەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپات لە كاركردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەڵێت: “ئێمە پابەندین بە كاركردن لەگەڵ ئێوە و حكوومەتەكەتان لە پێناو بنیاتنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و چاكسازی ئابووری و حكوومەتێكی بەهێز”.
لە پەیامەكەدا ئەوەش هاتووە: “ئێمە پشتگیری هەبوونی پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین”.
لە كۆتایی پەیامەكەشدا، هیوای سەركەوتن بۆ مەسرور بارزانی دەخوازێت لە ئەركی نوێیدا وەكو سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان.