ئەنجوومەنی پیران یاسای رێگری لە فرۆشتنی چەك بە سعودیە پەسند كرد
دوای ئەوەی چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پڕۆژە یاسایەكیان بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك بە سعودیە پێشكەش بە كۆنگرێسكرد, ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا ئەو پڕۆژە بڕیارەی پەسندكرد كە تێدا رێگری لە فرۆشتنی چەك بە سعودیە لەلایەن ئەمریكا دەكات.
پڕۆژە بڕیارەكە بە 53 دەنگی بەڵێ و بەرامبەر 45 دەنگی نەخێر لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا پەسندكرا و ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، سێناتۆرەكانی كۆماری و دیموكراتەكانیش پشتیوانیان لەپەسندكردنی ئەو بڕیارە كرد.
پێش دەنگدانەكە، ژمارەیەك سێناتۆری ئەمریكا لێدوانیانداو رایانگەیاند كە پرسی كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعوودی، لەنێو كونسوڵخانەی سعودیە لەشاری ئیستانبوڵ لەبەرچاو دەگیرێ و جەختیشیان لەوەكردەوە كە دەبێ ئیدارەی سعودیە بەبەرپرسیار بگیرێ لەم بابەتە.
ترەمپ بەمەبەستی فرۆشتنی 22 چەكی جیاواز بە ئیمارات و سعودیە دەسەڵاتی دۆخی بەپەلەی لەبەرامبەر كۆنگرێس بەكارهێنا، ئەمەش كاردانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانیشی لێكەوتبووەوە.
لەلایەكی دیكەش پڕۆژە یاسایەكی هاوشێوە كە لە مانگی نیسان لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكا پەسند كرابوو، ترامپ دەسەڵاتی ڤیتۆی بەكارهێنا.