ئاژانسی ئەنادۆڵ: ئۆجەلان داوا لە كوردانی ئیستەنبوڵ دەكات لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بێ لایەن بن
دوای ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی لە ئەستەنبول دووبارەكردەوە كە بڕیارە 23ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و لە هەڵبژاردنی رابردوو كوردانی ئەستەنبول دەنگیان بە جەهەپە دا لە دژی ئاك پارتی وەستانەوە لە ئێستاشدا هەردوو حزب لە مڵملانێی چڕدان بۆ بەدەست هێنانی دەنگی كورد, ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی بڵاوی كردەوە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە لە ئیمراڵیەوە داوای لە هەدەپە كردووە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ بێلایەن بن.
ئاژانسەكە لە زاری د. كەمال ئۆزجان ئەكادیمیسیانی توركیای گواستووەتەوە، كە ناوبراو لە زینداندا سەردانی ئۆجەلانی كردووە و ئەویش لە ڕێگەی نامەیەكەوە كە بۆ هەدەپەی ناردووە، داوای لێ كردوون بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆڵدا نەكەن و بێلایەن بن.
كەمال ئۆزجان نامەكەی ئۆجەلانی رادەستی پارێزەرەكانی كردووە، تا ئەوانیش بیگەیەننە سەركردایەتیی هەدەپە.
پێشتر لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆڵدا ئەكرەم ئیمام ئۆغلو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سەركەوتنی بەدەست هێنابوو، بەڵام ئاكپارتی دەسەڵاتداری توركیا هەڵبژاردنەكەی هەڵوەشاندەوە و بڕیارە لە 23ی حوزەیراندا دووبارە بكرێتەوە.
ئاكپارتیی دەسەڵاتداری توركیا ترسی گەورەی هەیە لەوەی بەهۆی بەشداریكردنی كوردەوە، بیناڵی یڵدرم كاندیدی ئاكپارتی دووبارە لە هەڵبژاردنەكەدا بدۆڕێنێ و كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سەربكەوێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی هەدەپە رایگەیاندبوو كە دەنگ بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەن.