بیری شۆڤێنیزم بەرۆکى عێراق بەرنادات
هەڵوێست میرانى
عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق جیاواز لە سەرۆک وەزیرەکانى ترى پێشووى خۆى کراوەتر بەرامبەر بە ماف و داخوازیە دەستوریەکانى هەرێمى کوردستان مامەڵە دەکات , ئەم مامەڵەى عەبدولمەهدى کە مامەڵەیەکى دەستورى و یاساییە ئاوى کردۆتە ئاشى شۆڤێنیزمى عێراقى کە خۆیان دەبیننەوە لەو بەرپرس و ئەندام پەرلەمانە عەرەبانەى بەرامبەر بە پێدانى ماف و داخوازیە ڕەواکانى کورد ڕقى شۆڤێنیزمیان بەرز دەبێتەوە لەگەڵ بەشێک لەو بەرپرس و پەرلەمانتارە تورکمانانەى کە بە گوێبیست بوونى ناوى کورد هەناسە سوار دەبن .
ئەو چینە کە لە هەموو پرسێک ناکۆکن ( سیاسى , مەزهەبى , نەتەوەیی, کۆمەڵایەتى .. هتد ) , تەنها سەنگەرێک کۆیان دەکاتەوە, ئەویش سەنگەرى دژایەتى کردنى ماف و داخوازیەکانى کوردە , هەر ئەمەش واى کردووە خەریکى گەلەکۆمەکێی سیاسى بن دژ بە سەرۆک وەزیران د.عادل عەبدولمەهدى و هەوڵى پەکخستنى حکومەتەکەى بدەن و لە بەرپرسیاریەتى سەرۆک وەزیران دوورى خەنەوە .
عادل عەبدولمەهدى ئەو قەناعەتەى درووست کردووە کە تێڕوانینێکى جیاواز لە جاران لە بەغدا بەرامبەر بە مافە دەستوریەکانى هەرێمى کوردستان هەستى پێ دەکرێ ئەمەش ئومێدى لاى کاربەدەستانى هەرێمى کوردستان درووست کردووە , چەند جارێکیش بەرپرسانى بالاى هەرێم ئاماژەیان بەو دید و تێڕوانینە نوێیەى بەغدا کردووە کە هۆکارە بۆهاتنە ئاراى کەشێکى باش و گونجاو بۆ گفتووگۆى نێوان هەولێر و بەغدا ,هاونیشتیمانیانى هەرێمیش ئومێدیان لە سەر گفتوگۆکانى نێوان بەغدا و هەرێم هەڵچنیوە کە سەرەتایەکى نوێ لە پەیوەندی سیاسى و دیپلۆماسى بێتە ئارا بە ئاراستەى چارەسەر کردنى کێشە هەڵواسراوەکانى نێوان هەردوولا , خەلک بەو هیوایەیە عەبدولمەهدى بتوانێ ئەو بەربەستە کۆنکریتیانە تێک بشکێنێ کە سەرۆک وەزیرانەکانى پێشوو بەرامبەر بە ماف و داخوازیە دەستوریەکانى هەرێم درووستیان کردبوو .
جگە لەمە گەلانى عێراق ئومێدیان بەو پیرە پیاوە هەیە بتوانێ عێراق لە وڵاتێکى وێرانى ناسەقامگیرەوە نزیک کاتەوە لە کەنارى ئارامى تا بتوانن هەناسەیەک هەڵمژن ئەگەر کاتیش بێ .
گەلەکۆمەکێ دژ بەو سیاسیە میانڕەوە دەستى ئەو ناحەزانەیە کە درێژەدان و بەردەوام بوونى ئابڵۆقەى ئابوورى سەر هەرێمى کوردستان رقی شۆڤێنیان دادەمرکێنێتەوە, هەمان هەستى نەتەوەپەرستى و عێراقچیەتى فەتلاوى و وەفیق سامەڕائیەکانە کە بە ڕۆحیەتى زەمەنى صەدام نەفەس هەڵدەکێشن و بە چاوى بەرپرسانى ڕژێمى بەعس لە مافەکانى کورد دەڕوانن .
ئەگەرچى ئەو ڕۆحیەتە شۆڤێنیزمە شەرانگێزیە لە عێراق هەناسە دەدات , بەلام زەمەنى حوکمرانى ئەو جۆرە ڕۆحیەتە کۆتایی هاتووە وهەر کاتێک سیاسەت و حوکمرانى بەو ڕۆحیەتە حوکمى بەغدا بکات شەقارى پارچە بوونى عێراق گەورە تر دەبێت و عێراق زیاتر نزیک دەکاتەوە لە پارچە بوون .