پەکەکە و هەدەپە داواکارییەکەی ئۆجەلان رەت دەکەنەوە
دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە كوردانی ئیستەمبوڵ كرد بێلایەن بن لە ھەڵبژاردنەكانی ئەو شارە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی دیموکراتی (گەلان) هەدەپە داواکارییەکەی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رەت دەکەنەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەڕێی پارێزەرەکانییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە هەدەپە کرد، لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، پاڵپشتیی هیچ لایەنێک نەکات و بێ لایەن بوەستێ.
هەدەپە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، ستراتیژی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، ناگۆڕن.
پێشتر هەدەپە رایگەیاندبوو، کە پشتگیریی ئەکرەم ئیمامۆغڵو، کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکەن..
هەروەها سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، رایگەیاندووە، نابێ کوردانی ئەو شارە دەنگ بە بیناڵی یڵدرم، کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بدەن.
ئیمامۆغڵو لە هەڵبژاردنی 30ـی ئاداری ئەمساڵ وەک سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرا، بەڵام ئاکەپە ئەنجامەکەی رەت کردەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی لە ئیستەنبوڵ لە 23-6-2019دا، دا.