بۆ ئێران ڕاستەخۆ هێرشی کردە سەر فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا
بۆ ئێران ڕاستەخۆ هێرشی کردە سەر فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکا
شەماڵ بۆکانی
لە دووای سەپاندنی سزای گەمارۆ نەوتیەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاو ە ، هەڕەشەی بەرپرسانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز کە ڕێڕەوێکی حەیاتی هەناردەی نەوتی جیهانە لە ڕاگەیاندنەوەکانەوە دەنگی داوەتەوەو ، چەندین هێرشی ڕوون و نا ئاشکرا کراوەتە سەر نەوت هەڵگرەکان لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عەممان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ، یەمەن و لوبنان و سووریا جموجوڵی جێی گومانیان هێناوەتە ئاراوە .
ئەم هێرشانە بە پێی خوێندنەوەی زۆرێک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی وسەربازی دەکرا یەکەم بەهانە بێت بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە ، تەنانت ئەمریکا لە ڕێگەی ڤیدئۆوە بەڵگەکانی بۆ کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی روون کردەوە ، ئەم روونکردنەوانە وای کرد نەک شرۆڤەکاران بەڵکو وڵاتانی ئەورووپاییش هان بدات ، سەردانی ئێران بکەن تابەڵکو بتوانن ڕێگری لە سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ بکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هاندانی ئێران بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ، بەڵام ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکان و تەنانەت بە هەڵوەشانەوەی بەشێک لە خاڵەکانی رێکەوتنی ئەتۆمی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئاوی قورسی ئەتۆمی کردۆتە کارتی گووشار بۆ سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تیایبەت ئەورووپا .
لە هەمانکاتتیشدا وڵاتانی ناوچەی کەنداوی عەرەبی و تایبەتەن سعوودیا هاندەرێکی سەرەکی بوون بۆ پەرە ستاندنی گرژیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ، بۆیەش هەر زوو بەڵگەکانی ئەمریکایان بۆ هێرشی سەر نەوت هەڵگرەکان پشت ڕاست دەکردەوە .
ئەی چۆنە ئیستا کە ئێران بە بەهانەی ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی سنووری ئاسمانی بەزاندووە تێکی شکاندووەو راستەوخۆش فەخری پێدەکات ، ئەوەش دیسان لە کاتێکدایە ئەمریکا بەڵگەی هەیە فڕۆکەکەی لە سنووری ئاسمانی نێودەوڵەتیدا تێک شکێندراوە .
واتە پرسیارەکان لێرەوە دەست پێدەکەن کەچۆن ئێران بەم بوێرییە ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە .
ئەوەی بۆ زۆرێک لە لێکۆڵەران جێگەی سەرنج و گومان بوو ، لەوپەڕی ناباوەڕیدا بەریتانیا بە شێوەک هاودەنگ لە گەڵ ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد کە بۆی نییە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخاتە ژێر مەترسی و بۆ بەرژەوەندی بەریتانیاش لە ناوچەدا هەر کارێکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن تەنانەت ئەگەر هێرشی سەربازیش بێت .
کەواتە ئێران لە پلانی درێژخایەنی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز بۆ دابەشبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادارەو لە هەمانکاتیشدا ئەم ڕاستیانەی خوارەوە لە سەر وڵاتانی ناوچەیی دەزانێت .
ئێران لەوە گەیشتووە ، ئەمریکا بە لە بەرچاو گرتنی ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان نایەوێت ڕاستەوخۆ، خۆی بکاتە جەمسەرێکی بێ پشتیوان بۆ لێدانی گورزی سەربازی لە ئێران ، بۆیەش ماوەی ساڵانێکە لە حەولی پێکهێنانی هاوپەیمەنەتیەکی بەهێزی عەرەبی و جیهانییە لە دژی سیاسەتی ئایدۆلۆژیایی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر بە پێی ستراتژی ساڵی ٢٠٠٥ ی نیۆکۆنەکان لە ئیسرائیل هەنگاو دەهاوێت ، ئەم ستراتژەی سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی ئێرانی بە پێی” پلانی نەتەوە دەوڵەتی فەڕەنسا ” لە دووای سایکس پیکۆ گۆڕی بۆ هێرش بردن و لە یەکەم هەنگاوی کرداریدا لە ساڵی ٢٠١١ئیسرائیل زانا ئەتۆمیەکانی ئێرانی تیرۆر کرد
.
کە وابوو ئێران هاوکات لە گەڵ گووشاری لۆبیە چەپەکانی بەریتانیا و وڵاتانی ئەرووپایی و بەشێک لە سیناتۆرە دیموکراتەکانی ئەمریکا لە شێوەی ” باراک ئۆباما ” سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆن کێری بۆ ڕێگریکردنی هێرش بۆ سەر ئێران و دژایەتی وڵاتانی عەرەبی کەنداو ، پێنگاوێکی زانستی تاکتیکی دەنێت بۆ سڕینەوەی ستراتژەکانی دووای سایکس پیکۆ وەک چۆن بە پرۆژەی حەشدی شەعبی و پلانەکانی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر هەنگاوەکانی سەرەتایی دەست پێکرد .
واتە چاونەترسی و پلانی ئێران دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ، خۆی دڵنیایە کە ئەمریکا بە پێی پلانەکانی دوواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر پەیرەوەکانی نەتەوە دەوڵەت ، بۆ جێگیر بونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک خاوەن تاپۆی موستەعمەریی “یان بە زاراوەیی ئەمڕۆیی هەوپەیمانی ئابووری سیاسی” ، هێرشی لەشکری هەر دەکاتە سەر ئێران ، بەڵام ئێران زیرەکانە پێش ئەوەی ئەمریکا سەرکەتوو بێت لە پێک هێنانی هاوپەیمانی ناوچەیی و جیهانی بۆ لێدانی ئێران ، دەیەوێت ئەمریکا بە تەنیا هێرشی بکاتە سەر .
چوونکە هێرشی بە تەنیای ئەمریکا بەرپرسیارەتی یاسایی و مێژوویی دەخاتە ئەستۆی ئەم وڵاتەو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حزبەکانی چەپ دەتوانن لە دژی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا هاوکات لە گەڵ دیموکراتەکان کەڵکی ڕیکلامی لە دژی ترەمپ و کۆماریخوازەکان لێ وەرگرن.
لە هەمانکییشدا باڵەکانی ڕووسی و ئیدۆلۆژی شیعیزمی بەریتانی وەک دەیەی شەستەکان دەتوانن خۆیان بە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا بچەسپێننەوە ، چوونکە خۆ سەپاندنی ئەوان هاوکات کە بیرۆکەی نەتەوەیی کورد بەرەو کاڵ بوونەوە دەبات ، پرۆسەی دەوڵەت ئاینی شیعیزمی بەریتانی لە دووای ساڵی ٢٠٢٥ دەتوانێت ئاڵترناتیڤی پرۆسەی نەتەوە دەوڵەتی کوردی بێت ، چوونکە هاو دەنگی ئەمرۆی بەریتانیا لە گەڵ ئەمریکا سیاسەتی دووجەمسەری مێژوویی خۆی پەیڕەو دەکات تا لە ئەگەری سەرکەوتنی هەریەک لە پرۆسەی ستراتژی ” نەتەوە دەوڵەتی فەڕەنسایی ” و دەوڵەت ئاینی شیعیزمی ” خۆی ، بتوانێت پێگەی خۆی وەک سەت ساڵی رابردوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەهێز بێڵێتەوەو لە ئێستاشدا مەترسیەکانی دەرچوونی خۆی لە یەکیەتی ئەورووپا بڕەوێنێتەوە .
بەریتانیا وردەکاریەکانی هەڵوەشانەوەی یەکیەتی ئەورووپاشی لە بەر دەستە و سیاسەتی هاوکاتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەورووپا لە رێگەی پێگەی ” پۆڵەندی ” ئەمریکی باش تێگەیشتووە .
کەوابوو ئێران زانستیانە هەنگاو دەنێت بۆ ڕەش کردنەوەی ستراتژی دووای سایکس پیکۆ کە دابەش بوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە بەئێرانیشەوە ، بۆیەش ڕاستەوخۆ بە هێرشی سەر فڕۆکەیەکی ئەمریکی دەیەوێت ئەمریکا بێ هاوپەیمانەتی بێتە ناو جەنگی ئێرانەوە ، چوونکە ئێران لە ناوخۆشدا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتیشەوە بە چەپ دەبینێت و وەک دژبەری ئیستیعماری سەیریان دەکات و بۆ ئەو جێگەی مەترسی نین .
لە کۆتاییدا دەبێت بڵیین پلانە درێژخایەنەکان فەلسەفەی پشوو درێژی دەوێت و نابێت وا بیر بکەینەوە ئەمریکا بە کوپێک ئاو دەکەوێتە مەلە و بە ڕق ئەستووری و بێ پلانی دیاریکراو هێرش دەکاتە سەر ئێران .