شكاندنی ئیرهابی فكری
زكری مووسا
لە سایتەكانی ئێن ئاڕتی و میللەت كە هەمووكەس دەزانن سەر بە كێن و چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا هەماهەنگیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی درۆودەلەسە و ئیرهابی فیكری و دژایەتیكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان، ڕاپۆرتێكی بەناو ئاكادیمی لەبارەی چۆنییەتیی كاركردنی ڕاگەیاندنی پارتی بڵاو بووەتەوە كە لێوانلێوە لە ناڕاستی و زانیاریی هەڵبەستراو و سووكایەتیكردن. ئەم ڕاپۆرتە پتر زانیاریی بێسەرووبەری دەزگەیەكی ناكامڵی هەواڵگرییە و دوورونزیك پەیوەندی بە زانست و ئاكادیمیاوە نییە.
لەبارەی ڕاگەیاندنی پارتی و شێوازی ئاراستەكردنییەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەندەی ئاگادار بم:
یەكەم: تێكڕای میدیاكارانی پارتی لە هەموو ئاست و كاناڵێكدا لە شەڕی داعش پاڵپشتی پێشمەرگە بوون و شەڕی فكری داعشپەروەرییان دەكرد، ئەوە لە حاڵێكدا بوو ڕاگەیاندنی بەشێكی زۆری ئەحزاب خەریكی شەڕی دەروونی لەگەڵ پێشمەرگە بوون بە میللەت وئێن ئاڕتیشەوە.
دووەم: هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكاری پارتی لە ڕیفراندۆمدا پێشمەرگەئاسا ڕۆڵیان هەبوو لە پشتگیریكردنی داواكاریی و مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان.
سێیەم: میدیاكارانی پارتی دەستیان هەبوو لە هۆشیاریی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیرهابی فكری كە كاری لەسەر تێكشكاندنی ئینسانی كورد و نەهێشتنی ئینتما و بڕوابەخۆبوون دەكرد.
چوارەم: میدیاكارانی پارتی لە ئەركی سەرخستنی حزبەكەیاندا لە هەردوو هەڵبژاردنی عێراق و كوردستان بەشدار بوون.
پێنجەم: سەركەوتنی ڕاگەیاندنكارانی پارتی لەو قۆناغە دژوارانەدا بە ئیمكانیاتی كەم و دوور لە ماددیات بووە و بڕوا و نیشتیمانپەروەری و پاراستنی بەهاكان هەوێنی كاریان بووە، بەشێكی زۆریان خۆبەخشانە و بە فەهمێكی سیاسی و نەتەوەیی قووڵ كاریان كردووە.
شەشەم: لەگەڵ ئەوەی كە نەیارانی پارتی دەیان ملیۆن دۆلاریان لەبەردەست بووە بۆ شەڕی ڕاگەیاندن و تێكدانی شیرازە دەروونییەكانی كۆمەڵگە و دەزگە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە یارمەتیان داون و بە دەیان تەلەفزیۆن و سەدان سایت و هەزاران پەیج شەڕی هەمە لایەنەیان لەدژی خەڵكی كوردستان كردووە. گرەویان لەسەر نەهێشتنی پەیامی سەربەخۆیی و تەشییع جەنازەی پارتی كردبوو. كەچی لە ئەنجامدا ئەوە پەیامی میدیای پارتی بووە كە سەركەوتووە، لە شەڕی داعش و ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەكان و تێكشكاندنی ئیرهابی فكریدا، ئەو سەركەوتنەیش بە پلەی ئیمتیاز بووە.
لەبری ئەو ڕاپۆرتە بێسەروبەرانە با بێن و لێكۆلینەوە لەوە بكەن كە چۆنچۆنی هێزی بڕوا و ئیرادەی پاراستنی وڵات لە ناو زریان و ئاگر و هەڕەشەكاندا توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.. با بێن وانەی خەبات و وڵاتپارێزی و بەهاكان لە میدیاكارانی پارتی فێر بن. ئێستا سەردەمی هۆشیارییە و چەواشەكاری و گەوجاندن هەناسەی لێ بڕاوە.. كەس كڕیاری ئەو تەرزە ڕاپۆرتنووسینە نییە.