دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت شاندێکی باڵای دارایی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

 

دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدی کرد بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند دواى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، شاندێكى باڵاى دارایی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ رادەستكردنی میلاكاتى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان.

د. ئه‌حمه‌د سه‌فار سه‌رۆكى لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند “لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق داواى میلاكى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ئەمەش به‌ مه‌به‌ستى وردبینیكردن و دڵنیابوون لێى، كه‌ قازانجى بۆ هه‌رێمیش ده‌بێت، چونكه‌ ئێستە حكوومه‌تى فیدراڵ كار به‌و میلاكه‌ ده‌كات كه‌ پێش 2012 به‌ ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، ته‌نها فه‌رمانبه‌رانى شارستانی تێدایه‌ كه‌ 682 هه‌زار كه‌سن، به‌ بێ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌”.

هەروەها رایگه‌یاند “بڕیاره‌ دواى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، شاندێكى باڵاى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن و تازه‌ترین میلاكى فه‌رمانبه‌رانى شارستانى و سه‌ربازى راده‌ستى به‌غدا بكه‌ن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌ و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵین، ئه‌وانیش میلاكى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمیان ئاماده‌ كردووه‌”.

سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كە لێكتێگه‌یشتنى باش له‌ نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و فیدراڵدا هه‌یه‌، بۆیه‌ پێشبینى ده‌كه‌ین به‌ چوونی شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا، زۆربه‌ى كێشه‌ داراییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، بابه‌تى میلاكى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمیش تازه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌و راپۆرته‌ى كه‌ ئێستە لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ئاراسته‌ى فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى كردووه‌، ئاماژه‌ى پێدراوه‌”.

 

Back to top button