سەرۆكی هەرێمی كوردستان: لە هەوڵدانی قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ توركیا زیاتر بكەین لە 13 ملیار دۆڵار
دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكەی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی توركیای كرد, لە لایەن سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە پێشوازی لێكرا, لە سەردانەكەیدا چەند پرسێكی پەیوەست بە پەیوەندی نێوان هەولێر و ئەنقەرە تاوتێوكران, دوای دیدارەكانی لەگەڵ رایەداران و بەرپرسانی سیاسی ئەو وڵاتە سەرۆكی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند, قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیا دەستپێدەكات.
نێچیرڤان بارزانی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی توركی گوتی: “ئەمە یەكەم سەردانمانە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای هەڵبژاردنمان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان. خۆشحاڵم بە كۆبوونەوە لەگەڵ سەركۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان. لە كۆبوونەوەكەدا بە دوور و درێژیی تاوتوێی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقمان لەگەڵ توركیا كرد”.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكان
نێچیرڤان بارزانی بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەردۆغان، بە تێروتەسەلی باس لەو بابەتانە كرا كە بۆ هەردوولا گرنگن و گوتی: “باوەڕم وایە قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان، توركیا و عێراق دەستپێدەكات. هیوادارم سەردانەكەم ببێتە هۆكاری پەرەپێدانی پەیوەندییەكان”.
باسیشی لە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان عێراق و توركیا كرد و ئاماژەی بە گرنگی رۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان كرد لەو پەیوەندییە و بە ئاژانسەكەی گوت: “رۆڵی هەرێمی كوردستان لەبەر چەند هۆكارێك گرنگە، بەر لە هەموو شتێك هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سەر سنووری نێوان توركیا و عێراق. ئێستا هەرێمی كوردستان سوپاس بۆ خوا، بە بەراورد بە قۆناغەكانی رابردوو، پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ بەغدا هەیە”.
قەبارەی بازرگانی
لە بارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان توركیا و عێراق، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ئێستا نزیكەی 13 ملیار دۆلارە و لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا، باسییان لە گەشەپێدانی قەبارەی بازرگانیی كردووە. گوتیشی “هیوادارم قەبارەی بازرگانیی بە شێوەیەك كە هەردوولا خۆشحاڵ بكات، بچێتە سەرووی 13 ملیار دۆلار. لە كۆبوونەوەكەمدا لەگەڵ سەركۆمار، بە تێروتەسەلی باسمان لە لە هەنگاوەكانی پێویست بۆ داهاتوو كرد. بینیمان سەركۆمار خواستێكی زۆر لەم بارەیەوە هەیە و ئارەزوومەندە و چاوەڕێ دەكات لە گەشەپێدانی قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ عێراق بەخێرایی كارەكان جێبەجێ بكرێن”.
كردنەوەی دەروازەی نوێ
لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسەكە، سەبارەت بە كردنەوەی دەروازی نوێ لە نێوان عێراق و توركیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “پێویستە ئەم پرسە بە شێوەیەكی جددی لە نێوان هەولێر، ئەنقەرە و بەغدا، تاووتوێ بكرێت. وەك دەزانرێت توانای دەروازە سنوورییەكەی ئێستا، لە هەردوولاوە بەرزكراوەتەوە، لە زاخۆ تونێل درووستكراون. ئامانجی ئێمە لێرەدا، بریتییە لە دەستبەركردنی ئاسانكاریی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق، هەرێمی كوردستان و توركیا”. ئاماژەی بەوەشدا هیچ كێشەیەك لەوە دانییە ئەگەر پێویست بكات هەنگاو بندرێت بۆ زیادكردنی قەبارەی بازرگانی.
پرسی نەوت و هاوكاریكردنی عێراق
لە بارەی رۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە بازرگانی نەوت لە نێوان توركیا و عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هێڵی بۆڕی نەوتمان هەیە بۆ بەندەری جەیهان. لە ئەگەری رەوشی نەخوازراودا، ئامادەین هاوكاری حكوومەتی فیدڕالی عێراق بكەین بۆ ئەوەی نەوتی باشووری عێراق لە سەروویانەوە كەركووك و ناوچەكانی دیكە بە هێڵی بۆڕی نەوتی ئێمەدا هەناردەی توركیا بكرێت”.