ئێران كارمەندێكی سەر بە هێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی لە سێدارەدا كە تۆمەتبار بوو بە سیخوڕی بۆ ئەمریكا
دوای ئەوەی وڵاتی ئێران كارمەندێكی سەر بە هێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی دەستگیركرد بە تۆمەتی سیخوڕی كردن بۆ ئەمریكا, ئەمڕۆ دادگای سەربازی ئێران سزای لەسێدارەدانی بە سەر ئەو كارمەندەی وڵاتەكەی جێبەجێ كرد.
پەیوەندییە گشتییەكان لە رێكخراوی دادی سەر بە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا لەمبارەیەوە رایگەیاند، “جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان بە سەر جەلال حاجی زوواردا، لە سەر ئەو فەرمانە بوو، كە بەهۆی سیخوڕیكردنی ناوبراو بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا “سی ئای ئەی” و حكوومەتی ئەمەریكی بۆی دیاریكرابوو”.
دەستەی دادوەران دووپاتیكردەوە، “زووار فەرمانبەرێكی هێزە ئاسمانییەكانی بۆشاییگەری بوو لە وەزارەتی بەرگری ئێران”، ئاماژەی بەوەشدا، “بەتۆمەتی بەشداریكردن لەو سیخوڕیكردنە، سزای زیندانیكردن بۆ ماوەی 15 ساڵ بۆ هاوسەری زوواریش بڕاوەتەوە”.
هەر لەمبارەشەوە ئاژانسی هەواڵدەری فارس ئاشكرایكرد، “سزای لەسێدارەدانەكە لە زیندانی “رەجائی شەهر” لە شاری تاران جێبەجێ كراوە”، بڵاویشیكردەوە، “لە ساڵی 2010 زووار دەستگیركراوە و دانی بەوەدا نابوو، كە بەرامبەر سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندییەكانی هەواڵگری ئەمەریكا پارەی وەرگرتووە”، هەورەك ئەو ئاژانسە رایگەیاند، “چەندین بەڵگە و ئامێری سیخوڕیكردن لە ماڵی زووار دۆزراونەتەوە”.
جێگای ئاماژەیە، جێبەجێكردنی ئەو سزایەی لەسێدارەدان تەنیا دوو رۆژ دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمەریكیی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دێت, كە بە هۆیەوە گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە لێواری تەقینەوە نزیك بوونەوە و پێشبینی كرا، رۆژی هەینی ئەمەریكا گورزێكی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت، بەڵام لە دوا ساتەكانی بەر لە دەستپێكردنی هێرشەكە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە بڕیارەكەی پاشگەز بووەوە.