بەشیر حەداد: بە هۆی تەواو نەبوونی كابینەی نوێی عادل عەبدلومەهدی پەرلەمان ناتوانێت چاودێری كارەكانی حكومەت بكات وەك پێویست
دوای تێپەڕینی زیاتر لە سالێك بەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عادڵ عەبدولمەهدی, تا ئێستا نەتوانراوە, ئەو كابینەی تەواو بكرێت, جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی تەواو نەبوونی كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، پەرلەمان ناتوانێت چاودێری كارەكانی حكوومەت بكات و لێكۆڵینەوە و بانگهێشتی وەزیرەكان بكات.
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان نەتواندراوە كابینەی حكوومەت تەواو بكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەری ئەوە هەیە رۆژی دووشەممە پەرلەمان جارێكی دیكە بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی وەزارەتە متمانەپێنەدراوەكان كۆببێتەوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر كاندیدانی وەزارەت و پۆستە پڕنەكراوەكانی كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بدات، ئەمەش لەكاتێكدای، هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مۆڵەتی تەنیا 10 رۆژی بۆ عادل عەبدولمەهدی دیاریكردبوو، كە ئەگەر پەیكەری كابینەكەی لە ماوەی دیاریكراودا تەواو نەكات و كاندید بۆ ئەو وەزارەتانە دەستنیشان نەكات، كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە و ئەو وەزارەتانە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، ئەوا وەك سەردەمی حەیدەر عەبادی شەقامی عێراق دەهەژێنن.