پەرلەمانتارانی بەریتانیا: دەمانەوێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان سەردانی بەریتانیا بكات

ژمارەیەك پەرلەمانتاری بەریتانیا رای دەگەیەنن كە كاتی هاتووە لەگەڵ كورد ستراتیجیەتێكی نوێیان هەبێت، چونكە لە نێوان هەولێر و لەندەن بەرپرسیاریەتی هاوبەش درووست بووە، دووپاتی دەكەنەوە كە دەیانەوێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان سەردانی بەریتانیا بكات.
وەك لە هەواڵێكی كوردستان 24دا هاتووە، تۆبی پێركینس، پەرلەمانتاری بەریتانیا لە پارتی كرێكاران ئاماژەی كردووە، كوردستان پێگەیەكی گرینگی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەیە و ئێمە لە نێوان جەنگەكانی یەكەم و دووەمی جیهانی لە كوردستان بووین و رۆڵمان لەم ناوچەیەدا هەبووە، ئێستەیش جۆری پێوەندییمان گۆڕاوە، چونكە هەست دەكەین لەگەڵ كورد لەبەردەم بەرپرسیاریەتی هاوبەشداین.
هاوكات كە هەولێر و لەندەن لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتدان، هەوڵەكان بۆ نزیكبوونەوە دەستی پێ كردووە. لەمبارەوە جاك لۆپرێستی، پەرلەمانتار لە پارتی پارێزكاران ئاماژە دەكات، بۆ ئەوە كار دەكەین پێوەندی بەهێزمان هەبێ، دەمانەوێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان سەردانی بەریتانیا بكات و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی ئێمە كۆ ببێتەوە، دووپاتی كردەوە، پێوەندییە سەربازییەكانی خۆمان لەگەڵ كوردستان پەرە پێ دەدەین، چونكە كورد ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوبەشی ئێمە بووە لەو پرسەدا.
هاوكات ستیڤ رید پەرلەمانتاری پارتی كرێكاران گوتی، لە پەرلەمان نوێنەرایەتی ناوچەی كرۆیدن دەكەم لە باشووری لەندەن كە ژمارەیەكی زۆری  كوردی تیادا دەژی، لە بەریتانیا بە گشتی رەوەندی كوردی یەكێكە لە رەوەندە گەورەكان، بۆیە گرینگە نزیك ببینەوە لە وڵاتی دایكی ئەوان، نەك تەنیا كوردی عێراق، بەڵكو هەموو پارچەكان، بۆیە خۆشحاڵین بەوەی پێوەندی كورد و بەریتانیا بەهێزتر و بەهێزتر بێت.
Back to top button