ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد

پاش خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی، ئەمریکا هێرشێکی کۆمپیوتەری بە بەرنامەی بۆ سەر سیستمی کۆمپیوتەری چەکە پێشکەوتوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکردوە.

بەپێی هەواڵێکی گاردیانی بریتانی، لە رۆژی پێنجەشەمەی رابردوەوە پاش خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی، ئەمریکا هێرشێکی کۆمپیوتەری بە بەرنامەی بۆسەر سیستمی کۆمپیوتەری چەکە پێشکەوتوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکردوە.

لەوبارەیەوە دو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس-یان راگەیاندوە، هێرشە کۆمپیوتەرییەکەی ئەمریکا توانیویەتی سیستمی موشەکی ئێران پەکبخات، بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندیشیان لە ترەمپ وەرگرتوە.

بەرپرسەکانی ئەمریکا کە رازینەبون ناویانبهێنرێت ئەوەشیان ئاشکراکردوە کە هێرشەکان بەتایبەتی سیستمی کۆمپیوتەری سوپای پاسدارادانی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج و پێشنیاری هێرشەکەش پاش هێرشی سەر دو کەشتییە نەوت هەڵگرەکەی کەنداو کراوە.

سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وەک گروپێکی تێرۆرستی ناسێنراوە و هەرجۆرە مامەڵەیەک لەگەڵیدا قەدەغەکراوە.

هێرشی کۆمپیوتەری یان ئەوەی پێیدەوترێت هێرشی ئەلیکترۆنی دیاردەیەکی تازە نیە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا و بەپێی هەردو کۆمپانیای (کراودسترایک) و (فایەرئای)ی ئەمریکی لەماوەی رابردودا لەڕێگای ناردنی شەپۆلێک لەئیمێلی زیانبەخشەوە، ئێران هەوڵیداوە کەرتی نەوت و گاز و سیستمی ئابوری ئەمریکا هاکبکات.

Back to top button