بە شاڕێی تەباییدا هەنگاوێكی تر

بەدران ئەحمەد حەبیب

كێشەی سووریا تا دوو مانگی تر دەبێ بە چارەسەر بگات بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی رووسیا، كە رۆژی یەكشەمووی پێشوو لە پەڕگەی كۆبوونەوەی تۆقەڵانی كۆڕوەندێكی ئابووریدا لە لیمای پایەتەختی پیرۆ، بە یەكتر گەیین. هەر دەبوو واش بێ لەبەرئەوەی دوای دوو مانگی تر كلیلی كۆچكی سپی دەچووە دەستی سەرۆكی تازە دۆناڵد ترامپەوە و ئەویش بە لای زۆرەوە سیاسەتێكی نێزیك لە سیاسەتی ڤلادیمێر پۆتنی لە ئاست كێشەی سووریدا دەگرتەبەر. نەدەشیا باراك ئۆبامای ماوە بە دوایی هاتووی سەرۆكی ئەمەریكا، كێشەی سووریا بە نیوەچڵیی خۆیەوە، بۆ دوای خۆی بە جێ بهێڵێ.

ئەم رێككەوتنە هەواڵێكی مژدەدەر بوو لە پاڵ ئەو پێشكەوتنە یەكبینەیەی رۆژانە لە بەرەنگارییەكەی وەرگرتنەوەی مووسڵدا دەیبینین، كە رەنگە ئەویش هەر لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ببڕێتەوە. كێشەی هۆنینەوەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی دایكی هەموو كێشەیەكی ناوچەكەیە لە ناویشیاندا كێشەی هەرێمی كوردستان. ئەو رێككەوتنە رژدانەیەی لە سەردانەكەی سەرۆك بارزانیدا بۆ بەغدا بەر لە دەسپێكی بەرەنگارییەكەی مووسڵ و لەپێناو بەرەنگارییەكەدا هاتەكردن، رووداوێكی مێژوویی بوو. جگە لەوەی هیچ ئەگەرێكی لە سەركەوتن لەم بەرەنگارییەدا نەهێشتەوە، سەركەوتنی تریشی لە چەند لایەكەوە بە دوای خۆیدا هێنا و بەردەمیش وا دەیهێنێ. پێش هەمووی، دەرگەی بە رووی دەسوەردانی دەرەكی لە كێشەی موسڵدا كلیل دا.

دووەم: ئەو ئەگەرەی نەهێشتەوە، كە جمینی جەماوەریی شیعە، مەترسی و هەڕەشەیەك بۆ هەرێمی كوردستان پێك بهێنێ. بەغدا سیاسەتێكی ژیرانە لەیزی بەوەی نەیهێشت، لە لایەكەوە ئەم بزاوە مەزەبییە ببێت بە بیانوو بە دەستی توركیا و سعوودەیەوە، لە لایەكی ترەوە گەیینی ئەم جمەیە بە هەندێك ناوچەی رۆئاوای مووسڵ پێشاندانی جۆرێك كوتەكی ژێر عەبا بوو (كوردواتەنی) بۆ هەر لایەكی رووی لە نانەوەی گرژی بێ.

هەر لە بواری ئەو رێككەوتنەی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵدا، چەند سەركەوتنێكی تر لە ماوەی حەوتووی رابردوودا بەدی هاتن، یەكێكیان بەڵێنی سەرۆك وەزیر عەبادی بوو، كە تەنیا لەگەڵ هەولێردا دانوستاندن دەكات و كەسی تر لە هەرێم ناناسێ، دووەم ئەو بانگەی پێش چەند رۆژێك سەرۆكی هەرێم بۆ لایەنەیلی كوردستانی راهێڵا و داوای كرد لە پێناو خاوكردنەوەی گرژیی ناوەخۆدا وەخۆ كەون. ئەم سیاسەتە راستەی نێوان هەولێر و بەغدا وەك چۆن دەستی دەرەكیی لە بەرەنگارییەكەی مووسڵدا بڕیەوە، خەریكە دەستی ناوەكیش لە نانەوەی كێشە و گرژی لە نێوانی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، لە نێوانی سلێمانی و هەولێردا، دەبڕێتەوە. حەیدەر عەبادی پێویستی بە هەرێمی كوردستانە لە رووبەڕبوونەوەی هەڕەشەی نووری مالیكیدا، كە رەنگە دوای شەڕی داعش بە شێوەیەكی تر سەرهەڵبداتەوە نەخوازە لە هەڵبژاردنی گشتیدا.

حەیدەر عەبادی پێویستی بە هەرێمی كوردستانە لە چارەسەری دۆزی داهاتووی ناوچەی سونەشدا، كە داوای سیستەمێكی فیدرالیزم لە شێوەی سیستەمەكەی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكەی خۆیان دەكەن. لە كورتی بیبڕینەوە، گەڕانەوەی تەبایی و تەناهی بۆ عێراق بە گشتی، بێ هاوكاریی لایەنی كوردی بە بەغدا نایەتە دی.

هەروەها كوردیش پێویستی بە تەبایییە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا. گەورەترین كێشەیەك لە نێوانی بەغدا و هەولێردا چاوەڕوانی بین ئەوەیە لە بارەی ناوچەیلی كێشەلەسەرەوە سەر هەڵبدات. سەردەمی ئەو سەركردە شیعە نەرمڕۆیانەی ئێستا دەنگیان لە عێراقدا دەڕوا و دەستیان دەڕوا لە جۆری عەمار حەكیم و موقتەدا سەدر، وێڕای حەیدەر عەبادی خۆی، رەنگە گونجاوترین سەردەم و هەلی زێڕین بێ بۆ بڕاندنەوەی كێشەی زەوی، كە ماوەی پەنجا ساڵ مایەی خوێن لەبەرڕۆیین بووە لە نێوانی كورد و عەرەبدا.

چارەسەربوونی ئەم كێشەیە بە ئاشتی، هەنگاوی یەكەم دەبێ لەو سەربەخۆیییەی گەلی كوردستان بە مانەوە بێ لە سنووری عێراق یان بە جیابوونەوە لێی، دەمێكە دەیخوازێ. وەك لە پێشەوە نیشانەمان بۆی كرد، تەبایی لە نێوان سەركردایەتیی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عەبادیدا، تەنگژەی ناوەخۆی كوردستانیش بەرەو بوونەوە دەبات. بانگ راهێڵانەی سەرۆك بارزانی بەڵگەیە بۆ ئەمە. پێویستە، لایەنەیلی ناوەخۆ واتە هەر چوار حزبەكە، ئەم هەلە لە كیس نەدەن و خێرا لە پارتی بچنەوە پێش.

بێ ئەم تەبایییە ناوەخۆیە، كوردستان لە دۆزی ناوچەیلی كێشەلەسەردا سەرناكەوێت، كە هەموو كەس دەزانێ سەربەخۆییی كوردستان دوای ئەم سەركەوتنە دەكەوێتە سەر شاڕێی خۆی. وێڕای ئەمە، بێ گەڕانەوەی تەباییی ناوەخۆ، با فرەپاتە ببێتەوە، ناتوانین چاوەڕوانی دەرچوون لە تەنگژەی ئابووری بین. نە پرسی گێڕانەوەی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان بۆ پۆستەكەی ئەوە دەهێنی وڵاتێكی بۆ لە پێناودا لە دەست بدەی، نە سواربوونی شەپۆلی بێزاریی خەڵكیش سەبارەت بە كێشەی ئابووری و مووچەوە، دەتوانێ پشتی پارتی بۆ چوار حزبەكە بدات بە زەویدا.

یەكێتی بە هەردوو باڵیەوە ناتوانێ خۆی لە بەرپرسیارەتیی كرێتیی بژێویی خەڵك بدزێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش ناتوانێ شەقام بە دژایەتیی پارتی بجمێنێ. بێتو شەقامی هەرێم رۆژێك لە رۆژان بە دژی دەسەڵاتە سیاسییەكەی بجمێ، دەبێ لە ئێستاوە بزانین ئەو شەقامە لە ئاست هەموویاندا جمیوە نەك یەكێكیاندا بە تەنیا. راستییەكی تریش هەیە لێی خافڵ نەبین، ئەوەیە بارزانی لە شەڕی بەگژداچوونەوەی هۆنینەوەی داعشدا گۆی سەركەوتنی بردەوە.

بەرەنگارییەكەی مووسڵ هەرچەندە پێشمەرگەی كوردستانی تێدا سەر بە لایەنی جیاجیاش بووبن ئەوەی نەشاردەوە، كە بارزانی سەركردەیانە. مامەڵەی دوو ساڵی پێشووی دنیا لەگەڵ بارزانیدا بەڵگەی ئەوە بوو پیاوی یەكەمی هەرێمەكەیە. پیاوی دووەم و سێیەم ئەگەر هەبن باشە. نەویكێشانی بەغداش لەم دوایییەدا هەر بەڵگەی ئەوەیە كلیلی كوردستان لای پیاوە یەكەمەكەیە. ئێمەش خۆمان پێویستیمان بە بارزانییە بۆ ئێستە و بۆ داهاتوو.

مانەوەی ئەوان لە سەرۆكایەتیی هەرێمدا دەستەبەری سەركەوتنە بەسەر ئەو هەڕەشانەی، بەڕێوەن بۆ لامان دێن. جارێكی تر پاتە ببێتەوە، بێ گەڕانەوەسەر شاڕێی تەبایی، ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین ئابووریی هەرێمەكە روو لە بووژانەوە بكاتەوە. راپەڕینی گەلی سووریە لە 2011ەوە وڵاتەكەی كاول كرد، راپەڕینی سونەی عێراق هەرێمی سونەی كاول كرد، ئەمانە تاقیكردنەوەی نێزیك و بەرچاون بۆ گەلی باشوور، ناشێ دەرسیان لێ وەرنەگرێ.

هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵات و راپەڕین بە سەریدا، تاكە بژارەی بەردەم ئەم گەلەی ئێمە نییە، بژارەی تری لە پێشدا زۆرن ئەگەر بیەوێ گۆڕانكاری بكات. چەكی گەورە تەنیا راپەڕین نییە بە دەستەوە، بگرە هەڵبژاردنی گشتییە، لەبەرئەمە گرژیی زیاتری لەمەولا بۆ هەر لایەنێكی لە گرژیدا بێت، دۆڕانی زیاتر دەبێ لە هەڵبژاردندا. حاجیش كەسێكە بێكەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ.

 

Back to top button