عوسمان ئۆجەلان: سەركردەكانی قەندیل هیچ حیسابێك بۆ ئۆجەلان ناكەن و كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ ئۆجەلان قوڵتر بووەتەوە

 

دوای ئەوەی عەبدولا ئۆجەلان پەیامێكی ئاراستەی دەنگەدەرانی هەدەپە كرد, كە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ئیستەنبۆل بێلایەن بن و دەنگ بە هیچ لیستێك نەدەن, ئەمرۆ عوسمان ئۆجەلان رایگەیاند:” ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئاكپارتی وەك ریفراندۆمێكە و پارتەكەی ئەردۆغان شكست قەبووڵ ناكات، پەیامەكەی ئۆجەلانیش بۆ ئەوە بووە كورد لە رووی ستراتیژی ریزی خۆی رێكبخات و لایەنگریی هیچ لایەنێك نەكات، بەڵام ئەو پەیامە كاریگەریی گەورە درووست ناكات و لەوانەیە هەندێك كەس بەو هۆیەوە بۆچوونیان بگۆڕن و دەنگ بە جەهەپە نەدەن كە هەدەپە پاڵپشتیی دەكات”.
عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەدار و برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، رایگەیاند:”ئاكپارتی بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانی پارتی نەژادپەرستی توركیا و دەوڵەت باهچەلییە، هیچ پرۆژەیەكی بۆ كورد نییە، هەروەها جەهەپەش هیچی لە هەگبەدا نییە بۆ كورد لە كاتێكدا یەك لەسەر چواری دەنگدەرانی ئیستانبوڵ كوردن”.
لەبارەی دابەشبوونی بۆچوونی ئیمرالی و هەدەپە و قەندیل لەم هەلومەرجەدا، عوسمان ئۆجەلان گووتی: “سەركردەكانی قەندیل هیچ حیسابێك بۆ ئۆجەلان ناكەن و كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ ئۆجەلان قوڵتر بووەتەوە، تەنها بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان ناوی ئۆجەلان بەكاردەهێنن نەك وەك سەرۆكی شۆڕش تەماشای بكەن”.
لەم هەڵبژاردنەدا كە بۆ جاری دووەمە بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت، هەدەپە پاڵپشتیی لە كاندیدی پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە) ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دەكات‌. بەڵام عەبدوڵڵلا ئۆجەلان لە پەیامێكدا داوای لە دەنگدەرانی كورد كرد بێ لایەنی هەڵبژێرن. چاودێرانی سیاسی وایدەبینن پەیامەكەی ئۆجەلان كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی بینالی یڵدرم، كاندیدی ئاكپارتی دەبێت و بەشێكی دەنگدەرانی كورد ناچنە ژێر داخوازیی هەدەپە و سەڵاحەددین دەمیرتاش و دەنگ بە كاندیدەكەی جەهەپە نادەن.

Back to top button