سوپا سالاری پێشووی عێراق: وەزارەتی پێشمەرگە داوای هەمان پشكی پێشووی كورد دەكات لە ریزەكانی سوپای عێراق

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو بە تایبەت لە كابینەی حەیدەر عەبادی پشكی كورد لە ریزەكانی سوپای عێراق كەمبوویەوە بە جۆرێك لە ریزەكانی سوپا كەمتر لە %1ـی سوپاكە كوردە, لە ئێستادا هەرێمی كوردستان دەیەوێت %17 پشكی كورد لە ریزەكانی سوپا و كەلو پەلە لۆجستیە سەربازیەكان لە عێراق وەربگرێت, سوپاسالاری پێشووی عێراق دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی عێراق لەبارەی پشكی پێشمەرگە لە سوپا و هێزە ئەمنیەكاندا دەستیان بە گفتوگۆ كردووە و وەزارەتی پێشمەرگەش داوای هەمان پۆستەكانی پێشووی خۆی دەكات.

بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق رایگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە دانوستاندن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی فیدراڵی دەستیپێكردووە و پێشمەرگە داوای هەمان ئەو پۆستانە دەكات كە پێشتر لەنێو وەزارەتە ئەمنیەكان و سوپادا هەیبوو.

بابەكر زێباری گوتیشی “مەرجی پێشمەرگە ئەوەیە لە بەرامبەر هەر پۆستێك كە پێشتر لای بووە، دەبێ پۆستێكی پێبدرێت”.

دوای دامەزراندنەوەی سوپای عێراق رێژەی كورد لەو سوپایەدا 22% بوو، بەڵام رێژەكە ساڵ بە ساڵ لە كورتیی داو ئێستا 1% كەمترە، لە گرنگترین پۆستەكانی كورد، سوپاسالاری عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە ئاسمانییەكان بوون.

Back to top button