سەرۆكی هەرێمی كوردستان مژدەیەك بۆ خەلكی كوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت كاتی خزمەتگوزاریە

دوای ئەوەی ئەمرۆ لە بارەگای ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان, هەردوو ژووری بازرگانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان یاداشتنامەیەكی لەیەك تێگەیشتنیان واژۆكرد, كە تێیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدار بوو, وتارێكی پێشكەشكرد, لە وتارەكەیدا رایگەیاند ئیتر كاتی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، ئێستا قۆناخی دوای داعشە و كاتی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییە، بەپەرۆشەوە چاوەڕوانین كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی ئەمریكی رۆڵێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان ببینن.

سەبارەت بە مافی وەبەرهێنەرانیش لە كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەت و پەرلەمان هاندەدەین تاوەكو زەمینەیەكی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان دابینبكات، دەمانەوێت هەست بە دڵنیایی بكەن و دڵنیاتان دەكەینەوە مافەكانتان پارێزراو دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشكرد، قۆناخێكی نوێ لەگەڵ عێراق دەستپێدەكەین، لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ عێراق هەنگاوی نوێی هاوكاری و هاوئاهەنگی دەنێین، دەبێت هەردوولامان وانە لە هەڵەكانی رابردوومان وەربگرین و بۆ هەنگاونان بۆ ئاییندەیەكی باشتر سوودیان لێببینین.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت “هەوڵی جیدی و دڵسۆزانە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەهەردوولا بوونیان هەیە، پەیوەندی باشی هەولێر و بەغداش رەنگدانەوەیەكی باشی هەیە لەسەر چالاكی بازرگانی و وەبەرهێنان.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، گەلی كوردستان بە سروشت كۆمەڵگەیەكی كراوەیە و ئارەزووی لە بنیادنانی پردی پەیوەندییە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گوتیشی، پەرەپێدانی چالاكی و بازرگانی لەهەرێمی كوردستان تەنها پرۆسەیەكی ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵكو بەشداری و هاوبەشێكی كارایە لە ئاوەدانكردنەوەی ژیان و مرۆڤ لە وڵاتێكدا كە كارەساتی گەورەی بینیووە.

لابارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا گوتی، بە چاوی پێزانینەوە تەماشای هاوكاری و پشتیوانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین، پشتگیری ئەمریكا بۆ ئێمە لە شەڕی تیرۆردا ئامرازی سەرەكی سەركەوتنی ئێمەبوو، ئەمریكا سەرۆكایەتی هاوپەیمانانی كرد و رۆڵێكی گەورەی بینی لە پاراستنی هەرێمی كوردستان و عێراق

Back to top button