وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتەكەی بەرە و سعودیە و ئیمارات دەستپێكرد
بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێران، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەرەو سعودیە و ئیمارات بەڕێكەوت.
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێش بەڕێكەوتنی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگهباند، لەگەڵ نوێنەرانی هەریەك لە شانشینی عەرەبی سعودیە و ئیمارات كۆدەبینەوە و لەبارەی دوپاتكردنەوەی هاوپەیمانیمان بە شێوەیەكی ستراتیژی گفتوگۆ ئەنجامدەدەین، سەرەتا دەچێتە شانشینی عەرەبستانی سعودیە و دواتر سەردانی ئیمارات دەكات، كە ئەو دو وڵاتە هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانن بەرامبەر ململانێ و روبەروبونەوەكانی ئێران.
پۆمپیۆ راشیگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە و ئیمارات-دا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەك دەكەین كە تێیدا نەك وڵاتانی عەرەبی، بەڵكو تەواوی جیهان تێبگەن لەو ئامادەسازیەی كە بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی مەترسی لە ناوچەكەدا ئەنجامیدەدەین، لە دو هەفتەی رابردوەوە، گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوانه هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران روی لە زیادبونەوە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرپرسانی باڵای هەردو وڵات لێدوانی توند بەرامبەر یەكدی ئەنجامدەدەن و هۆشداری بە بەرامبەر و وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەدەن.
سەرەڕای لێدوانە توندئاژۆكانیان، هەردولا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، نایانەوێت جەنگ و پێكدادان لە ناوچەكەدا روبدات و ئاگاداری دەدەنە بەرامبەر، كە لە ئەگەری رودانی هەر پێكدادانێك ناوچەكە لەژێر كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و نەك هەردولا، بەڵكو ژمارەیەك وڵاتی زۆر زەرەمەند دەبن.