پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشییە وەزیرانی ناوخۆ و داد و بەرگری

کەمێك لەمەوبەر، لە پەرلەمانی عێراق، سێ وەزیری نوێی حکوومەتی عێراق دەنگیان پێ درا کە یەکێکیان لە پشکی کوردە

پەرلەمانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئەمڕۆدا بۆ دەنگدان بە تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کۆبوەوە و 233 پەرلەمانتار ئامادەیی کۆبونەوەکە بو، تیایدا متمانەی بەخشرایە هەریەکە لە وەزیرانی ناوخۆ و داد و بەرگری و هاوکات کاندیدی وەزارەتی پەروەردەی رەتکردەوە.

لە كۆبونەوەكەدا پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە نەجاح شه‌مه‌ری، بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، فاروق شوانی، بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی داد، یاسین یاسری، بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ.

بەڵام سەفانە حەمدانی، کە کاندید بو بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە نەیتوانی متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت و رەتکرایەوە.

پێشتر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پێداگری لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد دەکرد، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق، شایستەی وەرگرتنی وەزارەتەکە بوو، لە کۆتاییشدا لەپێناو یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان، پارتی ڕازی بوو بە دانانی فارووق شوانی کە کەسێکی بێلایەنە، بۆ پۆستی وەزیری داد پشگیریشی كرد.

Back to top button