حوکمی 18 ساڵ زیندانی بۆ سەرۆکی پێشووتری زانکۆی نەورۆز دەردەچێت

 

بە تۆمەتی گەندەڵی، حوکمی 18 ساڵ زیندانی بۆ سەرۆکی پێشووتری زانکۆی نەورۆز دەردەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.

لەبارەی هۆکاری دەستگیر نەکردنەکەی، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کەوتووە، سێ تۆمەت دراونەتە پاڵ د. (ئا.س)، سەرۆکی پێشووتری زانکۆی نەورۆز، بەشێک لەو تۆماتانە پەیوەستە بە بابەتی گەندەڵێ، لەسەر ئەو سێ تۆمەتەش دادگایی کراوە و بە غیابی حوکمی 18 ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە.

ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی فەرمانگەی دەستەی دەستپاكی لە زانكۆی دهۆك، پشتڕاستی كردەوە كە سەرۆكی پێشووی زانكۆی نەورۆز لە دهۆك سزا دراوە: “ئەو كەسە بەپێی مادە 340 لە یاسای سزادانی عێراقی سێ‌ دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، لەلایەن دادگای تاوانی دهۆك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، بۆیە دادگای كەتن بە غیابی حوكمی دا، بۆ هەر دۆسیەیەك شەش ساڵ حوكم دراوە، واتە 18 ساڵ بەندكردن، بەڵام نازانین بۆچی تاوەكو ئێستا دەستگیر نەكراوە”.

تۆمەتەكەی (ئا.س) بریتییە لە گەندەڵی لە خەرجییەكانی زانكۆ. حاكم عەبدولڕەحمان زێباری، سەرۆكی دادگای كەتنی یەكی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: “سەرۆكی پێشووی زانكۆی نەورۆز لەسەر سێ كەیس دادگایی كراوە، لە هەرسێ كەیسەكە ئامادە نەبووە، بۆیە بە غیابی حوكم دراوە، بۆ هەر كەیسێكیش بە شەش ساڵ بەندكردن سزا دراوە، واتە 18 ساڵ”. زێباری گوتیشی: “مەرج نییە ئەو سزایەی بەسەردا جێبەجێ‌ بكرێ‌، هەر كاتێك هاتە بەردەم دادوەر، دادگایی دەكرێتەوە، رەنگە حوكمەكەی زیاتر بێ‌ یان كەمتر، یانیش وەكو خۆی بمێنێتەوە، چونكە ئەوكات خۆی ئامادە دەبێ‌ و بەرگری لەخۆی دەكات”.

د.عزەت فندی، سەرۆكی ئێستای زانكۆی نەورۆز دەڵێت ئەوان ئاگادارن كە سەرۆكی پێشووی زانكۆكە لەسەر گەندەڵی دراوەتە دادگا، بەڵام ئەو هیچ پەیوەندییەكی بە زانكۆكەی ئەوانەوە نەماوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو كەیسە رایگەیاند، سەرۆكی پێشووی زانكۆی نەورۆز هەڵاتووە بۆ دەرەوە، لە دوای حوكمدانیشی بە غیابی، هاوژین و منداڵەكانیشی بردوونەتە دەرەوەی وڵات.

Back to top button