رێگا درووستەكە بە مەحمود سەنگاوی پیشانبدەن
یاد سرێشمەیی
بەگەڕانەوە بۆ مێژووی چەند ساڵە, روونە كە دەستكەوتە وەدی هاتووەكانی كوردستان لە ئەنجامی سازانی زەمینەیەك بووە كە تێیدا رێز لە خەبات و قوربانی دانی هەموو ئەو كەسایەتی و حزبانە گیراوە كە لە پێناو كوردستان و ئامانجە هێشتا وەدی نەهاتووەكەی تێكۆشاون, كوردستانی ئێستا دەرهاویشتەی پێكەوە كاركردن و یەكتری قبولكردنی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەموو ئەوانەیە كە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستانن هەن و ئیدارەی وڵات دەدەن.
لە هەركوێیەك دژبەیەكی سیاسی و ناكۆكی هاتبێتە ئاراوە بە تایبەت لە نێوان حزبە سیاسەكان راستەوخۆ كاریگەری هەبووە بەسەر رەوتی پێشكەوتنی كوردستان و هەنگاوەكانی نزیك بوونەوە لە ئامانجە لە پێشینەكانی گەلی كورد, ئەگەر هەنگاوەكانی پێشكەوتن نەوەستێنێت ئەوا بە دڵنیاییەوە سستی دەكات, درزی نێوماڵی كوردی فراوانتر دەكات كە ئەگەری دەست تێوەردان بۆ نەیارانی كورد ئاسانتر دەبێت.
لە چەند رۆژی رابردوو میدیاو سۆشیاڵمیدیاكان تەژی بوون لە پۆست و پەیامی توندی دژ بە یەك, ئەو كەشە فەوزەویە سەرچاوەكەی گوتاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو كە بەئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ و پڕبوو لە وشەی زبر, ئەم جۆرە گوتارانە لە سەروەقتێكدایە كە گەلی كورد هەناسەی ئۆخژەنی دوای ماندوو بوونی شەڕی داعش و ئەو قەیرانە داراییەی چەند ساڵ بەرۆكی كوردستانی گرتووە هەلًدەمژن, ئەم جۆرە گوتارانە تەنانەت میللەتە قوربانی دەركەشمان پێویستیان پێی نیە تا بە ناوی شۆڕشگێری و بەرپرسی سەربازی و سیاسی عقد و كینە لە نێو خەلكی ببەشیتەوە.
ئەگەر بە وردی گوێ لە گوتارەكەی مەحمود سەنگاوی بگرین, جۆرێك لە هیستریای حساب بۆنەكردن و بەجێمانی پێوەدیارە, چ لەسەر ئاستی حزبەكەی و چ لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان , ئەمەش وایكردووە ئەو بەرپرسەی یەكێـتی بە بیً رەچاوكردنی پرەنسیپە ئەخلاقیەكان و ئەخلاقی بەیەكەوە ی كاركردن و سیاسی بە زمانێك بدوێت كە تەژی بێت لە بێڕێزیكردن بە سیمبولی كوردستان و ئەو سەركردەیەی كە لە ئێستادا گەورەتر لە حزب سەركردایەتی رەوتە نەتەوەییەكەی كوردستان دەكات, هەر بۆ بیرخستنەوەی سەنگاوی با ئەوە سەربار بكەین, بولًگاریەكان كودەتایان بەسەر ئایدۆلۆژیا و فیكری دیمترۆفدا كرد, بەڵام دواتر هاتن پەیكەریان لە ناوەڕاستی سۆفیایی پایتەخت بۆ دروستكرد, وەك سیمبولی گەل و نیشتمان لێیان رووانی.
ئێستا مەحمود سەنگاوی دەیەوێت بە عەقلیەتی خێل و عەشیرەتگەرایی لە دیموكراسی بخوڕێت, دۆڕان و بچووك بوونەوەی قبوڵ نیە بۆیە بە زمانی تەخوین و هەڕەشە گوتار دژ بە ئەم و ئەو دەدات, بۆ كەسایەتیەكی وەك سەنگاوی كە رەنگە نانی ئەو لە ژینگەیەكی فەوزەوی پەیدا ببێت, تا ئێرە ئاساییە كە قسەبكات و سنور نەبەزێنێت, بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجدانە دوای ئەو سنور بەزاندنە پەیامە شەرمنەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو, كە نەیتوانی رێگا راستەكە بە مەحمود سەنگاوی پیشان بدات, یەكێتی نەیتوانی بیری ئەندامانی و سەنگاویش بخاتەوە ئەگەر لە رابردوو سەرۆك بارزانی و پارتی نەبوونایە ئێستا یەكێتی ئاردی ناو دڕ و زۆر پەرتەوازەتر بوون لەوەی كە هەیە.
نەچووە بچێت, پێویستە بۆ ئێستاو داهاتووش رێگا راستەكە پیشان بە سەنگاوی بدرێـت كە ئامانجەكانی گەلی كورد تەنها بە یەكدەنگی كورد دێتەدی, ئامانجەكانی كورد لە ژینگەیەكی دیموكراسی و یەكتری قبوڵكردن مسۆگەرترن, وە بیری بخەنەوە كە بارزانی ئەو سەركردەیەیە لە سەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە و جیهان ژمارەیەكی حساب بۆكراوەو, بەم جۆرە گوتارانە بە تایبەت كە كەسیكی وەك سەنگاوی ئاشنا بە هەموو جۆرە تاوانێك دەرهەقی سەرۆك بارزانی دەكات, بارزانی زێدەتر لە جاران لە چاو دڵی نیشتمان پەروەران گەورەتر دەبێت.