هەولێر.. بەشێکی دیکە لە شەقامی 100 مەتری قیڕتاو دەکرێتەوە

قۆناخێكی دیکەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتری لە هەولێر دەست پێ دەكرێتەوە.

بۆتان تاهیر، بەڕێوەبەری شارەوانی چوار لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا راگەیاند: “لە سبەی سێشەممەوە قۆناغێكی تری قیڕتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100 مەتری دەست پێدەكاتەوە، ئەمجارە قۆناغەكە لە بەنزینخانەی ئاكار بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دەبێت، بەڵام بە چەند بەشێك دەبێت و وەكو پێشووتر نابێت”.

گوتیشی: “سبەی لە كاتژمێر 9 رێگای سایدی پێش مزگەوتی خەدیجە ئەلكوبڕا بۆ پێش نەخۆشخانەی رزگاری لەبەردەم شۆفێران دادەخرێت”.

روونیشی كردەوە، هەوڵ دەدرێت لە ماوەی هەفتەیەك كارەكان تەواو بكرێن، گوتی: “ئەو بەشە كە تەواو دەكرێت دواتر دەكرێتەوە، پاش ئەوە بەشێكی تری قیرتاو دەكرێت، بە گشتی هەردوو سایت 20 رۆژی پێدەچێت تاوەكو نۆژەن دەكرێتەوە، بەڵام پێكەوە هەردوو ساید داناخرێت بە جیا كاری تێدا دەكرێت و بەردەوام سایدێك كراوە دەبێت”.

بەرپرسەكەی شارەوانی دووپاتیشی كردەوە، بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت شەقامی 120 مەتری یارمەتیدەرێكی باشیان دەبێت.

Back to top button